گرنگیی دیپلۆماسی کلتوری لە گۆڕینی تراژیدیای ئەنفال بۆ شوناسێکی گەردوونی

S�

Soran Naqishbandy - سوران نقشبندی

توێژەر لە بواری دیپلۆماسی کلتوری و هێزی نەرم

گرنگیی دیپلۆماسی کلتوری لە گۆڕینی تراژیدیای ئەنفال بۆ شوناسێکی گەردوونی

پێشەکی: بونناسی جێنۆساید و کلتور وەک تاقە قەڵغانی مانەوە
لە فەلسەفەی سیاسی و مێژووی چەوسانەوەی گەلاندا، جێنۆساید (Genocide) تەنها وەک کردەیەکی بایۆلۆژی بۆ سڕینەوەی جەستەیی کۆمەڵە مرۆڤێک پێناسە ناکرێت، بەڵکو وەک هەوڵێکی سیستماتیک و داڕێژراو دەبینرێت بۆ "کولتورکوژی" (Ethnocide) و لەناوبردنی ڕەهەندە مێژوویی و سیمانتیکییەکانی نەتەوەیەک. کاتێک (ڕافایێل لێمکین) لە ساڵی ١٩٤٤دا بۆ یەکەمجار ئەم چەمکەی داهێنا، مەبەستی تەنها کوشتارگەکان نەبوو، بەڵکو ئاماژەدان بوو بۆ تێکشکاندنی ئەو بنەما کلتوری و کۆمەڵایەتییانەی کە گرووپێک لە گرووپێکی تر جیا دەکەنەوە. بۆ نەتەوەی کورد، کە مێژووەکەی لە سەدەی بیستەمدا لە نێوان هێڵکاریی توندوتیژی و ئینکاریکردنی شوناسدا نووسراوەتەوە، پرۆسەی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ لوتکەی ئەو دڕندەییە بوو کە دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست (بەعس) پەیڕەوی کرد. لەو پرۆسەیەدا، ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێتاوان، کە هەڵگری خەون و مێژوو و زمانێکی تایبەت بوون، لە بێدەنگییەکی مەرگباری نێودەوڵەتیدا بەرەو بیابانەکانی باشووری عێراق ڕاپێچ کران و زیندەبەچاڵ کران.

ئەو جەبرە جوگرافی و سیاسییەی کورد تێیدا دەژیت، وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت (Stateless Nation) ، وایکردووە کە لە غیابی کورسییەکی فەرمی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی فەرمی لەپایتەختی وڵاتاندا، دەنگی ئەم تراژیدیایە لە ناو سنوورە ناوخۆییەکاندا قەتیس بمێنێت. لێرەوە، پێویستییەکی حەتمی بۆ پەنابردنە بەر "دیپلۆماسی کلتوری" (Cultural Diplomacy) سەرهەڵدەدات. دیپلۆماسی کلتوری تەنها چالاکییەکی هونەریی ڕووت نییە، بەڵکو ستراتیژیەتێکی باڵایە بۆ بەکارهێنانی "هێزی نەرم" (Soft Power) بە مەبەستی ڕاکێشانی ویژدانی گەلانی جیهان و دروستکردنی گوشارێکی ئەخلاقی لەسەر ناوەندە سیاسییەکان. ئەم نوسینە هەوڵدەدات لە ڕێگەی شیکردنەوەی قووڵی ئەزموونە جیهانییەکانی وەک هۆلۆکۆستی جولەکەکان، جێنۆسایدی ئەرمەنەکان و ڕواندا، نەخشەڕێگەیەک بۆ دۆزی کورد دابڕێژێت. ئامانجمان ئەوەیە بیسەلمێنین کە چۆن دەتوانین چیرۆکە تاکەکەسی و کۆکانی ئەنفال لە "شیوەنێکی ناوخۆیی"یەوە بگۆڕین بۆ "شوناسێکی گەردونی"، تاوەکو جیهان نەک وەک ژمارەیەکی ئاماری، بەڵکو وەک برینێکی مرۆیی مامەڵە لەگەڵ پرسی کورددا بکات وبوارێک بۆ دوبارەبونەوەی نەهێڵێتەوە.

بەشی یەکەم: چوارچێوەی تیۆری؛ لە "هێزی نەرم"ەوە بۆ "ناوبانگی نەتەوەیی"
بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن کلتور دەبێتە کەرەستەیەکی دیپلۆماسی، پێویستە لە تیۆرییەکانی "هێزی نەرم" بگەین، کە پڕۆفیسۆر جۆزف نەی (Joseph Nye) لە ساڵی ١٩٩٠دا لە کتێبی (Bound to Lead) دایڕشت. نەی پێماندەڵێت کە هێزی ڕاستەقینەی نەتەوەکان تەنها لە "هێزی ڕەق" (Hard Power) یان سوپا و ئابووریدا نییە، بەڵکو لە توانای ڕاکێشان (Attraction) و سۆزدروستکردندایە لە ڕێگەی بەها کلتوری و سیاسییەکانەوە. بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد، کە لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە لە ژێر گەمارۆدایە، کلتور دەبێتە تاقە کەرەستەی "مانەوە و دروستکردنی کاریگەری". ئەمە ئەو شوێنەیە کە دیپلۆماسی کلتوری تێیدا دەبێتە باڵیۆزی دەنگی کوردان؛ کاتێک جیهان لە ڕێگەی فیلمێک یان ڕۆمانێکەوە ئاشنای کلتوری کورد دەبێت، جۆرێک لە "لوببی کلتوری" دروستدەبێت کە دەتوانێت بڕیارە سیاسییەکانی وڵاتانی زلهێز بەرەو پشتیوانیکردن لە کورد ئاراستەبکات.

لێرەوە دەگەینە تیۆریی پڕۆفیسۆر نیکۆلاس جەی کاڵ (Nicholas J. Cull) دەربارەی دیپلۆماسی گەل، یان دیپلۆماسی گشتی (Public Diplomacy) ، کە جەخت لەسەر پێنج ڕەهەندی سەرەکی دەکاتەوە: گوێگرتن، داکۆکیکردن، دیپلۆماسی کلتوری، ئاڵوگۆڕی نەتەوەیی و پەخش و وەشانی نێودەوڵەتی، کە بێگومان یاریزان و کارەکتەرە سەرەکیەکانی بریتین لەهەمووکەسێک جگە لە سایسیەکان و پیاوانی دەوڵەت. بەپێی تیۆرییەکانی کاڵ و هەروەها چەمکی "براندینی نەتەوەیی" (Nation Branding) کە سایمۆن ئەنهۆڵت Simon Anholt پەرەی پێداوە، ناوبانگی نەتەوەیەک لەسەر بنەمای وێنەیەکی هەمەلایەنەو پەیامێکی یەکگرتوو دروستدەبێت. کورد پێویستی بەوەیە لە وێنەی "نەتەوەیەکی قوربانی و مەزڵوم" کە هەمیشە داوای بەزەیی دەکات، بگۆڕدرێت بۆ وێنەی "نەتەوەیەکی خاوەن شارستانیەت، داهێنەر و ژیاندۆست" کە ڕووبەڕووی سیستمگەلێکی فاشیستی بووەتەوە. ئەم گۆڕانکارییە لە گێڕانەوەدا Narrative Shift تەنها کارێکی میدیایی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی "ئایکۆنۆگرافی"یە؛ واتە دروستکردنی هێما و نیشانەی وەها کە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا وەک سیمبوڵی دادپەروەری بناسرێنەوە.

ستراتیژیی دیپلۆماسی کلتوری بۆ جێنۆسایدەکانی دژ بەکورد دەبێت لەسەر بنەمای "بەمرۆییکردنی کارەساتەکە" بێت. کاتێک کارەساتی ئەنفال بە زمانی تیۆرییەکانی هێزی نەرم دادەڕێژینەوە، دەبینین کە جیهان هاوسۆزی بۆ ژمارەی ١٨٢ هەزار کەسەکە نییە، بەڵکو هاوسۆزی بۆ ئەو "خەونە لەناوبراوانە" هەیە کە لە ناو ئەو ژمارانەدایە. براندینی نەتەوەیی کورد لە ڕێگەی ئەنفالەوە دەبێت کارەساتەکە بکاتە "بەشێک لە ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتی"، ڕێک وەک چۆن جولەکەکان هۆلۆکۆستیان کردە سیمبوڵی جیهانی بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم وکۆمەڵکوژی. ئەمە پێویستی بە پلانێکی ستراتیژیی درێژخایەن هەیە کە تێیدا هەموو جومگەکانی ئەدەب، سینەما، موزیک و شانۆ وەک یەکەیەکی یەکگرتوو کاربکەن بۆ دروستکردنی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی کە پارێزگاری لە بوونی کورد و کلتورەکەی بکات، بەتایبەتیش لە ناوچەیەکی پڕ لە هەڕەشەی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەشی دووەم: دیپلۆماسی ئەدەب؛ وشە وەک ئەرشیفی ڕۆحی و پاسەوانی حەقیقەت
ئەدەب و وێژە لە مێژووی شارستانیەتدا، تەنها کەرەستەی گێڕانەوەی چیرۆک نەبوون، بەڵکو وەک "پاسەوانی ڕاستەقینەی مێژوو" و قووڵترین کایەی دیپلۆماسی کلتوری دەرکەوتوون. بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کورد، کە خاکەکەی هەمیشە لە ژێر مەترسیی داگیرکاری و دابەشبووندایە، "زمان" دەبێتە تاقە نیشتمان و "نووسین" دەبێتە پرۆسەیەک بۆ چەسپاندنی بوون. لە کاتی جێنۆسایدەکاندا، یەکەم ئامانجی دیکتاتۆرەکان سڕینەوەی ئەرشیف و کتێبخانە و ناسنامە ئەدەبییەکانی نەتەوەی ژێردەستە، چونکە ئەوان دەزانن کە دەقە ئەدەبییەکان توانای ئەوەیان هەیە "کاراکتەری نەتەوەیی" لە فەوتان بپارێزن. دیپلۆماسی ئەدەب (Literary Diplomacy) لێرەدا وەک هێزێکی نەرم دەردەکەوێت کە دەتوانێت تراژیدیایەکی ناوخۆیی بگوازێتەوە بۆ ناو کتێبخانە و مێشک و ویژدانی ملیۆنان مرۆڤ لەوپەڕی جیهانەوە، جۆرێک لە "بەرگریی ئەدەبی" دروستبکات کە هیچ چەکێکی سەربازی توانای تێکشکاندنی نییە.

نمونەی هەرە دیار و کاریگەری جیهانی لەم بوارەدا، کتێبێکی بیرەوەری "ڕۆژژمێری کچێکی گەنج"ی ئان فڕانکە (Anne Frank). ئەم کتێبە کە تەنها یاداشتێکی سادەی کچێکی ١٣ ساڵانی جولەکەیە لە کاتی خۆحەشاردرانی لە دەستی نازییەکان لە ئەمستەردام، دوای بڵاوبوونەوەی لە ساڵی ١٩٤٧دا، جیهانی هەژاند. تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە و بۆ زیاتر لە ٧٠ زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە. گرنگیی دیپلۆماسییانەی ئەم کتێبە لەوەدا بوو کە هۆلۆکۆستی لە ڕاپۆرتێکی سیاسی و ئامارێکی وشکەوە (کە باس لە کوژرانی ٦ ملیۆن جولەکە دەکات)، گۆڕی بۆ "چیرۆکێکی مرۆیی" کە هەموو دایک و باوک و منداڵێک لە جیهاندا دەیانتوانی خۆیان تێدا ببیننەوە. ئان فڕانک بوو بە "دەموچاوی مرۆیی" بۆ قوربانییانی نازیەت؛ ئەم کتێبە فشارێکی ئەخلاقیی ئەوەندە گەورەی لەسەر ویژدانی ڕۆژئاوا دروست کرد کە دواتر بوو بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی دروستکردنی کۆدەنگی نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی تاوانەکانی ئەڵمانیای نازی وەک جینۆساید.
لە هەمان چوارچێوەدا، نابێت ڕۆڵی ستراتیژیی ڕۆمانی "شەو" (Night)ی ئێلی ویزێل (Elie Wiesel) پشتگوێ بخرێت. ویزێل کە خۆی ڕزگاربووی کەمپەکانی ئاشویتس و بووکنواڵد بوو، لەم کتێبەدا کە لە ساڵی ١٩٥٨دا بڵاوکرایەوە، باسی لە "بێدەنگیی مرۆڤایەتی" و "بێدەنگیی خودا" کرد لە کاتی جێنۆسایددا. وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ زیاتر لە ٣٠ زمان و وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی ١٩٨٦، وایکرد "پاراستنی یادەوەری" ببێتە ئەرکێکی ئەخلاقیی نێودەوڵەتی. دروشمی (Never Again) یان "جارێکی تر هەرگیز"، کە بووە بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ئەم هەنگاوە گەورەیە بەرهەمی ئەو دیپلۆماسییە ئەدەبییە بوو کە ویزێل و هاوڕێکانی ئەنجامیان دا. هەروەها، ئەلێکساندەر سۆڵژێنیتسین لە ڕێگەی "ئەرشیفی گولاگ"ەوە، بە تەنها توانی وێنەی سۆڤیەت وەک وڵاتێکی دادپەروەر لە بەرچاوی جیهان بشێوێنێت و دەری بخات کە چۆن سیستەمە تۆتالیتارەکان مرۆڤ دەهاڕن؛ ئەمە نمونەیەکە کە چۆن ئەدەب دەتوانێت وەک "چەکێکی سیاسی" لە دژی دیکتاتۆریەت کار بکات.

بۆ نەتەوەی کورد، شاکاری گەورەی وەک "گۆڕستانی چراکان"ی شێرکۆ بێکەس، گەورەترین مۆنۆمێنتی ئەدەبییە بۆ کارەساتی ئەنفال. شێرکۆ بێکەس لەم دەقەدا، تەنها شاعیر نییە، بەڵکو "مێژوونووسی ڕۆحی کورد"ە. بێکەس توانیویەتی ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێ ناونیشان لە ناو ژمارە و ئامارەکان دەربهێنێت و بییانکاتەوە بە مرۆڤی خاوەن خەون، هیوا و عەشق. کاتێک شێرکۆ باس لە "کچە کوردێکی ئەنفالکراو" دەکات کە خەونەکانی لەگەڵ خۆیدا بردووەتە ژێر بیابان، ئەو خەریکی جۆرێک لە "دیپلۆماسیی ویژدانی"یە. کێشەی ئەدەبیاتی ئەنفال لەوەدایە کە زۆربەی لە ناو سنوورەکانی زمانی کوردیدا قەتیس ماوەتەوە. بۆ ئەوەی ئەنفال ببێتە پرسێکی جیهانی، کورد پێویستی بە ستراتیژییەکی "وەرگێڕانی پێچەوانە" هەیە. پێویستە دەقەکانی شێرکۆ بێکەس، بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن و ئەوانی تر، بە کوالێتیی "پێنگوین" و "ئۆکسفۆرد" بڵاوبکرێنەوە، تاوەکو خوێنەری بیانی تێبگات کە ئەنفال تەنها "کوشتنی جەستەکان" نەبووە، بەڵکو هەوڵێک بووە بۆ کوشتنی "جوانی و کلتور و زمانێکی زیندوو". بەمجۆرە کردەی ئاڵوگۆڕی کلتوری و وەرگێڕان و وشانی نێودەوڵەتی بەکاردێنین بۆ گەیاندنی ئازاری نەتەوەیەک بە ویژدانی مرۆڤایەتی.
ئەدەب دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە دیپلۆماسییەتی سیاسی یان کلاسیکی نەیانتوانیوە پڕیبکەنەوە. ئەگەر جیهان لە ڕێگەی ڕۆمانێکی وەک "هەموو شتێک لە بارەی ڕۆژاواوە بێدەنگە"ی (ئێریک ماریا ڕیمارک)ەوە ، کە زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا و بۆ ٢٥ زمان وەرگێڕدرا، فێری ئەوە بوو کە بێز لە جەنگ بکاتەوە، ئەوا دەبێت جیهان لە ڕێگەی "ئەدەبیاتی ئەنفال"ەوە فێری پاراستنی مافی مرۆڤی کورد بێت. ناوبانگ و براندینی نەتەوەیی کورد لە ڕێگەی ئەدەبەوە دەستپێدەکات، واتە بەگۆڕینی "ئازاری نەتەوەیی" بۆ "بەرهەمێکی مەعریفی و هونەری" کە جیهان ناچاربکات ڕێزی لێبگرێت و سنورێک بۆ دوبارەبونەوەی دابنێت. تەنها کاتێک ئەنفال دەبێتە پارێزەری کورد، کە ببێتە بەشێک لە ئەرشیفی ئەدەبیی گشت مرۆڤایەتی، وەک چۆن ڕۆمانەکانی جینۆسایدی جوو، ئەرمەن و ڕواندا ئێستاش لە زانکۆ گەورەکانی جیهاندا وەک وانەی "ئەخلاق و سیاسەت" دەخوێندرێن.

بەشی سێیەم: دیپلۆماسی وێنەی وەستاو و جوڵاو؛ شاشە وەک سەکۆی دادگاییکردنی مێژوو
لە هاوکێشە نوێیەکانی دیپلۆماسی گشتیدا، سینەما وەک "زمانێکی گەردوونی" پێناسە دەکرێت، کە پێویستی بە وەرگێڕانی وشە نییە، چونکە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی "وێنە و سۆز"ەوە دەگاتە ناو قووڵایی ویژدانی مرۆڤایەتی. سینەما کاریگەرترین باڵی "هێزی نەرم"ە، چونکە دەتوانێت لە ماوەی دوو کاتژمێردا، ئازاری چەندین دەهەی نەتەوەیەک بگوازێتەوە بۆ ناو ماڵ و هۆڵە کلتورییەکانی وڵاتانی بڕیاردەر. بۆ کورد، کە هەمیشە لە ڕووی میدیایی و سیاسییەوە گەمارۆدراوە، سینەما وەک تاقە "دەرچەی ڕوناکی" دەردەکەوێت بۆ شکاندنی ئەو بێدەنگییەی کە لە دەوری پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران تەنراوە. دیپلۆماسی سینەما (Cinema Diplomacy) تەنها بەرهەمهێنانی فیلم نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ "بەمرۆییکردنی کارەسات" و گۆڕینی قوربانییەکان لە ژمارەیەکی ئامارییەوە بۆ "پاڵەوانی مرۆیی" کە جیهان ئارەزووی ڕزگاربوونیان بکات.
نمونەی هەرە باڵا و جیهانیی ئەم کاریگەرییە، فیلمی "لیستی شیندلەر " (Schindler's List)ە لە دەرهێنانی ستیڤن سپێڵبێرگ (١٩٩٣). ئەم فیلمە حەوت خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە و داهاتەکەی ٣٢٢ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند، توانی مێژووی هۆلۆکۆست لە قاڵبی "یەک لیستی ناو"دا کۆبکاتەوە. سپێڵبێرگ بەم کارەی نەک تەنها دۆزی جولەکەی بە جیهانی کرد، بەڵکو فشارێکی ئەخلاقیی وەهای دروستکرد کە وایکرد چەندین وڵات یاساکانیان بگۆڕن و ئینکاریکردنی هۆلۆکۆست تێپەڕینن و دواجار کۆمەڵکوژیەکە وەک "تاوان" بناسێنن. لە هەمان ئاستدا، فیلمی ئیتاڵی "ژیان جوانە" Life is Beautiful,١٩٩٧، لە دەرهێنانی (ڕۆبێرتۆ بنینی)، کە خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی بیانی بردەوە، وانەیەکی گەورەی بە جیهان دا؛ ئەویش وێناکردنی "ئیرادەی ژیان" بوو لە ناو جەرگەی مەرگدا. بنینی نیشانیدا کە چۆن باوکێک لە ناو کەمپی نازییەکاندا مەرگ دەکاتە یارییەکی خەیاڵی بۆ منداڵەکەی تا نەترسێت و ڕۆحی نەشکێت. ئەمە ڕێک ئەو "لۆببی کلتورییە"یە کە کورد پێویستی پێیەتی؛ بۆ نیشاندانی ئەوەی کە کورد لە ناو بیابانەکانی ئەنفالیشدا، هێشتا ئاوازی دەچڕی، هێشتا چیرۆکی بۆ منداڵەکانی گێڕاوەتەوە، هێشتا سۆزداریی کردوە و هێشتا مرۆڤایەتیی خۆی پاراستووە.

کاریگەریی سینەما تەنها لە فیلمی درامیدا نییە، بەڵکو بەڵگەفیلمەکان، توانای گۆڕینی یاسا و بڕیاری سیاسییان هەیە. بەڵگەفیلمی پاکستانی "کچێک لە ڕووباردا: نرخی لێبوردن" ٢٠١٥ لە دەرهێنانی (شەرمین عوبەید)، کە خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە، بووە هۆی ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی پاکستان (نەواز شەریف) لە ژێر فشاری ڕای گشتیی جیهانیدا، یاساکانی پەیوەست بە "کوشتن بە ناوی شەرەف" بگۆڕێت. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە هونەری سینەما دەتوانێت "تێچووی سیاسی" بۆ دەوڵەت و حکومەتەکان زیادبکات. بۆ پرسی ئەنفال، کورد پێویستی بە بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمی ئاستبەرز و جیهانی هەیە کە بە زمانە زیندووەکان ئاراستەی ناوەندە یاسایی و پەرلەمانییەکانی جیهان بکرێت، تاوەکو ئەنفال نەک تەنها وەک یادەوەری، بەڵکو وەک "کەیسێکی یاسایی کراوە" بمێنێتەوە.
لە مێژووی سینەمای کوردیدا، یەلماز گونەی (Yılmaz Güney) وەک پێشەنگ و باوکی ڕۆحیی سینەمای بەرگری دەردەکەوێت. گونەی بە فیلمی ڕێگ، یان Yol -١٩٨٢ کە خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی فێستیڤاڵی کان-ی بردەوە، توانی بۆ یەکەمجار پرسی کورد و ئەو جەبرە سیاسییەی لە تورکیا هەبوو، بخاتە سەر شاشە گەورەکانی جیهان. گونەی سەلماندی کە سینەما دەتوانێت لە ناو زیندانیشەوە سنوورەکان ببڕێت. دوای ئەو، بەهمەنی قوبادی بە فیلمی "ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان" (٢٠٠٠) و "کیسەڵەکان دەفڕن" (٢٠٠٤)، توانی برینی کورد و ژیانی مناڵانی ناو جەنگ بە جۆرێک بگێڕێتەوە کە دڵی ملیۆنان مرۆڤی لە سەرانسەری زەویدا هەژاند. قوبادی جۆرێک "دیپلۆماسیی سینەمای" بەکارهێنا، کە وایکرد ناوی کورد و ئازارەکانی لە فێستیڤاڵە پلە یەکەکانی جیهاندا وەک شوناسێکی داهێنەر بناسرێت.
بەڵام بۆ ئەوەی سینەمای کورد ببێتە ئامرازێکی ستراتیژی بۆ ناساندنی ئەنفال، دەبێت لە "هەوڵە تاکی و پەرتەوازەکان"ەوە بگۆڕێت بۆ "پیشەسازییەکی نەتەوەیی". براندینی نەتەوەیی کورد لە ڕێگەی سینەماوە، واتە دروستکردنی فیلمگەلێک کە باس لە "ئیرادەی ڕزگاربووان" بکات. جیهان لە بینینی تەرم و گریان ماندوو دەبێت، بەڵام هەمیشە ئارەزووی بینینی ئەو پاڵەوانانە دەکات کە لە ناو خۆڵەمێشی جێنۆسایدەوە هەڵدەستنەوە و ژیان دادەهێننەوە. پێویستە فێستیڤاڵە سینەماییەکانی کوردستان (دهۆک و سلێمانی) ببنە ناوەندێکی نێودەوڵەتی بۆ "سینەمای جینۆساید"، کە تێیدا نەک تەنها فیلمی کوردی، بەڵکو فیلمی جیهانییش لەسەر ئەم پرسە خەڵات بکرێت. سینەما ئەو "لوببییە کلتورییە"یە کە دەتوانێت ئەنفال لە لاپەڕە تۆزاوییەکانی مێژوو دەربهێنێت و بیخاتە ناو "یادەوەریی زیندووی مرۆڤایەتی"، تاوەکو جیهان تێبگات کە پاراستنی کورد، پاراستنی بەشێکی گرنگە لە جوانی و هەمەجۆریی مرۆڤایەتی.

بەشی چوارەم: دیپلۆماسی موزیک؛ ئاوازی ئەنتۆلۆژی و سمفۆنیای مانەوەی کورد
موزیک لە کایەی دیپلۆماسی کلتوریدا، وەک "زمانی سەروو-وشە" (Meta-language) پێناسە دەکرێت، کە توانای هەیە سنوورە دەستکردەکانی سیاسەت و جیاوازییە زمانەوانییەکان ببڕێت و ڕاستەوخۆ کار لەسەر ناودڵی هەست و ویژدانی مرۆڤایەتی بکات. موزیک تەنها ڕێکخستنی ئاوازەکان نییە، بەڵکو "دیپلۆماسیی دەنگە" کاتێک نەتەوەیەک ڕووبەڕووی جێنۆساید دەبێتەوە، موزیک دەبێتە تاقە ئامراز بۆ گواستنەوەی ئەو "قیژە بێدەنگەی" کە لە ناو مێژوودا خنکێنراوە. بۆ کورد، موزیک ئەرشیفێکی زیندووە کە مێژووی ئەنفال و کیمیابارانی لە ناو مەقام و لاوک و حەیرانەکاندا پاراستووە، بەڵام گۆڕینی ئەم ئازارە بۆ "زمانێکی ئۆرکێسترالی جیهانی" کلیلی سەرکەوتنیەتی لە پڕۆژەی براندینی نەتەوەییدا، تاوەکو جیهان نەک تەنها وەک قوربانی، بەڵکو وەک نەتەوەیەکی خاوەن "شکۆی موزیک" تەماشایبکات.
لە مێژووی کلتوردا، سێمفۆنیاکان وەک یەکێک لە کاریگەرترین کردەکانی دیپلۆماسیی کلتوری دەرکەوتوون. سمفۆنیای ژمارە ١٣ی دیمیتری شەستاکۆڤیچ Babi Yar, ١٩٦٢، نمونەیەکی دەگمەنی ئەو هێزەیە؛ شەستاکۆڤیچ لە ڕێگەی ئەم موزیکەوە توانی کۆمەڵکوژی جولەکەکان لە ئۆکرانیا بباتە ناو هۆڵە گەورەکانی مۆسکۆ و جیهان، تەنانەت کاتێک ڕژێمی سۆڤیەت لەڕێی تۆقاندنەوە هەوڵی دەدا ئەو تاوانانە بشارێتەوە. موزیکەکە بوو بە زمانێک کە هیچ سانسۆرێکی سیاسی نەیدەتوانی بیوەستێنێت. بە هەمان شێوە، پارچە موزیکی "نەینەوا, ١٩٨٣ی حوسێن عەلیزادە، کە بۆ ئامێری نەی و ئۆرکێسترای ژێدار نووسراوە، توانی ئازاری مرۆیی لە کاتی شەڕدا بکاتە زمانێکی جیهانی. ئەم کارە هونەرییانە دەیسەلمێنن کە موزیک کاتێک دەبێتە دیپلۆماسی، کە بتوانێت "ئازاری تایبەت" بگۆڕێت بۆ "هەستی گەردوونی". لەلایەکی ترەوە، کەمپەینی (Live Aid) لە ساڵی ١٩٨٥، کە بە گۆرانی "We Are the World" ئێمە جیهانین، لوتکەی کاریگەریی و هاوسۆزی لەبەرامبەر ئەفریقا نیشان دا، نەک تەنها هاوکاریی دارایی کۆکردەوە، بەڵکو "ویژدانی جیهانی" لە دەوری پرسێکی مرۆیی یەکخست؛ ئەمە ڕێک ئەو مۆدێلە ستراتیژییەیە کە دۆزی ئەنفال پێویستی پێیەتی.
لە ئاستی ناوخۆیی و نەتەوەییدا، هەوڵەکانی موزیسیەنی پێشەنگ د. دڵشاد سەعید، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوون لە دیپلۆماسیی موزیکی کوردیدا. دڵشاد سەعید لە ڕێگەی "سمفۆنیای پێشمەرگە" و "سمفۆنیای کوردستان"ەوە، توانی ئازار و خەبات و برینەکانی ئەنفال لە قاڵبی میلۆدییە ناوخۆییەکان دەربهێنێت و بیباتە ناو فۆرمە کلاسیکە جیهانییەکان. کاتێک ئۆرکێسترایەکی گەورە لە ئەوروپا موزیکی کورد دەژەنێت، ئەوا "شوناسی کورد" لە چیاکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو کایە کلتورییە باڵاکانی جیهان. ئەم جۆرە کارانە، کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن "سیستەمی مەعریفیی موزیکی" پیشان دەدەن، کە ئەمەش کاریگەرترین وەڵامە بۆ ئەو سیستمە فاشیستییانەی دەیانویست کورد وەک پێکهاتەیەکی بێ کلتور و بێ مێژوو بناسێنن. توانای موزیکی دڵشاد سەعید، دەتوانێت ئەنفال بکاتە "چیرۆکێکی ئۆرکێسترالی" کە هەموو گوێگرێکی ڕۆژئاوایی دەتوانێت بەبێ وەرگێڕانی زمانەوانی، لە قووڵایی کارەساتەکە تێبگات.
لە لایەکی ترەوە، ڕۆڵی تاکەکەسی وەک هەژار زەهاوی وەک "باڵیۆزێکی کلتوریی گەڕۆک" جێگەی تێڕامانە. زەهاوی توانیویەتی ئامێری "دەف" کە ڕەگێکی قووڵی لە عیرفان و کلتوری کوردیدا هەیە، لە ئاستی جیهانیدا وەشانی بۆبکات و بیکاتە ئامێرێکی ناسراو لە ناوەندە موزیکییە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەم جۆرە دیپلۆماسییە موزیکییەی، کە بە پشتیوانییەکی کەم بەڵام بە ئیرادەیەکی گەورە ئەنجام دەدرێت، دەیسەلمێنێت کە "تاکە کەس" دەتوانێت ببێتە وەزارەتێکی گەڕۆک. هەروەها، ناساندنی ئامێری "تەنبوور" یان "تەمیرە"ی یارسانەکان، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٧٥٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، گەورەترین بەڵگەی دیپلۆماسییە بۆ چەسپاندنی "ڕەسەنایەتی و مێژووییبوونی" کورد لەسەر ئەم خاکە. تەنبوور تەنها ئامێرێک نییە، بەڵکو "کۆدێکی ژنێتیکیی کلتورییە"؛ هەوڵدان بۆ تۆمارکردنی ئەم ئامێرە لە میراتی کلتوری رێکخراوەی یونسۆ گرنگیەکەی بێشومارە، چونکە کاتێک جیهان دەزانێت کورد خاوەنی ئامێرێکی وەهایە، کە ٧٥ سەدە مێژووی لە پشتە، ئەوا هەر جۆرە هەوڵێک بۆ جێنۆسایدکردنی ئەم نەتەوەیە، وەک هەوڵێک بۆ لەناوبردنی پارچەیەکی گرنگ لە "کەلەپووری مرۆڤایەتی" تەماشای دەکرێت و دەبێتە بڤەیەکی جیهانی.
ستراتیژیی داهاتووی کورد لە دیپلۆماسیی موزیکدا، دەبێت لەسەر بنەمای "کۆکردنەوەی وزە پەرتەوازەکان" بێت. پێویستە دەزگایەکی نیشتمانی بۆ "موزیکی جینۆساید" هەبێت کە هانی موزیسیەنە گەورەکانی جیهان بدات (وەک یۆ-یۆ ما یان هانس زیمەر) تاوەکو کار لەسەر مێژووی ئەنفال و کیمیاباران بکەن. موزیک دەتوانێت وێنەی عومەری خاوەر یان دایکی ئەنفالکراوان بکاتە "لەرەلەرێکی ئەبەدی" لە ناو سمفۆنیاکاندا بۆ هەتاهەتایە لەگوێی مرۆڤایەتیدا بزرنگێتەوە. براندینی نەتەوەیی کورد لە ڕێگەی موزیکەوە، واتە دروستکردنی "ئەرشیڤ و پاشخانێکی دەنگی" بۆ کارەساتەکە؛ تاوەکو کاتێک جیهان ناوی ئەنفال دەبیستێت، موزیکێکی پڕ لە شکۆ و ئازاری لە مێشکدا بژەنرێت. موزیک ئەو هێزەیە، کە دەتوانێت "لۆببییەکی کلتوری" وەها دروستبکات، کە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نەتوانێت پشتگوێی بخات، چونکە موزیک پێش ئەوەی بگاتە پەرلەمانەکان، دەگاتە ناو دڵی نەتەوەکان و لەوێوە بڕیاری سیاسی دەگۆڕێت.

بەشی پێنجەم: دیپلۆماسی شانۆ؛ تەختەیەک بۆ گێڕانەوەی حەقیقەت و ساڕێژکردنی برینەکان
شانۆ لە فەلسەفەی کلتوریدا بە هونەری زیندوو و ئامادە (Living Art) پێناسە دەکرێت، کە تێیدا جەستەی مرۆڤ کردەکە ئەنجامدەدات؛ جیاواز لە سینەما و ئەدەب، شانۆ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و فیزیکی لە نێوان "پاڵەوان/قوربانی" و "بینەر"دا دروستدەکات، کە ئەمەش کاریگەرییەکی سۆزداری و دەروونیی بێوێنەی هەیە. لە چوارچێوەی دیپلۆماسی کلتوریدا، شانۆ وەک "شانۆی شایەتحاڵ Theatre of Witnessing دەردەکەوێت؛ ئەوە تەنها نمایشێکی هونەری نییە، بەڵکو "بەڵگەیەکی زیندووە" کە جیهان ناچار دەکات ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییانە ببێتەوە کە سیاسەت هەوڵی شاردنەوەیان دەدات. بۆ پرسی ئەنفال، شانۆ دەتوانێت دوو ئەرکی ستراتیژی ئەنجام بدات: یەکەم، گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەتی کورد بە ناوەندە کلتورییەکانی جیهان، و دووەم، بەکارهێنانی شانۆ وەک کەرەستەیەکی چارەسەری (Drama Therapy) بۆ نەوەکانی دوای ئەنفال و ڕزگاربووانی ناو کەمپەکان، تاوەکو ئەو تراژیدیایە لە "گرێیەکی دەروونیی کوشندە"وە بگۆڕدرێت بۆ "هێزێکی مێژوویی بۆ گۆڕانکاری".
یەکێک لە گرنگترین نمونە جیهانییەکان، شانۆگەری لێکۆڵینەوە The Investigation, ١٩٦٥ی پیتەر ڤایسە. ئەم دەقە کە بە "شانۆی دۆکیۆمێنتاری" دەناسرێت، بە تەواوی پشتی بە کۆنووس و بەڵگەنامەکانی دادگاییکردنی فرانکفۆرت بەستبوو، کە تێیدا نازییەکان دادگایی دەکران. ڤایس توانی بەڵگەنامە وشکەکانی دادگا بکاتە دەقێکی شانۆیی وەها کە بینەر هەستبکات ئەویش ئەندامێکە لە دەستەی سوێندخواردنی دادگا. ئەم جۆرە شانۆیە توانی ویژدانی گشتیی ئەڵمانیا و ئەوروپا ڕووبەڕووی حەقیقەت بکاتەوە. بۆ کورد، ئەمە وانەیەکی گەورەیە؛ ئێمە خاوەنی هەزاران بەڵگەنامە و کۆنووسی دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمی بەعسین (بەتایبەت کەیسی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکان)، کە دەکرێت بکرێنە دەقی شانۆیی دۆکیۆمێنتاریی ئاست بەرزو جیهانی. ئەم جۆرە شانۆیە لە "هاوار و شیوەن" کاریگەرترە، چونکە جیهان لە بەردەم "بەڵگە"دا بێدەنگ دەبێت و سۆزی بۆ دادپەروەری دەجوڵێت.
نمونەیەکی تری جیهانی کە توانیویەتی شوناسی نەتەوەیەک لە ڕێگەی شانۆوە بپارێزێت، شانۆگەری "دڕندەیەک لەسەر مانگ" Beast on the Moon, ١٩٩٥ی ڕیچارد کالینۆسکییە. ئەم شانۆگەرییە باس لە ئازارە قووڵەکانی دوو ڕزگاربووی جێنۆسایدی ئەرمەنەکان دەکات لە ئەمریکا، کە ناتوانن لە سێبەری کارەساتەکە ڕزگاریان بێت. ئەم دەقە بۆ زیاتر لە ٢٠ زمانی جیهانی وەرگێڕدرا و لە ١٧ وڵات نمایش کرا، و توانی خەڵاتی گەورەی وەک "مۆلێر"ی فەرەنسی بباتەوە. سەرکەوتنی ئەم شانۆگەرییە لەوەدابوو کە تەنها باسی "کوشتن"ی نەدەکرد، بەڵکو باسی "هەوڵدان بۆ ژیان" و "ئازاری دەروونیی ڕزگاربوون"ی دەکرد (Survivor's Guilt). بۆ ئەنفال، کورد پێویستی بەم جۆرە "بەمرۆییکردنە" (Humanization) هەیە؛ پێویستمان بە شانۆگەرییەک هەیە کە باس لە "عەشقێکی نیوەچڵ لە بیابانی نوگرەسەلمان" یان "خەونی منداڵێک بۆ یارییەک" بکات، نەک تەنها باس لە ژمارەی تەرمەکان. جیهان کاتێک سۆزی بۆ "ژیان" دروستدەبێت، ئامادە دەبێت پشتیوانی لە "مافی مرۆڤی کورد" بکات.
ڕەهەندێکی تری زۆر گرنگ، بەکارهێنانی شانۆیە وەک کەرەستەی چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتیDrama Therapy. لە دوای جێنۆسایدی ڕواندا لە ساڵی ١٩٩٤، شانۆ وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ ئاشتەوایی و ساڕێژکردنی برینەکان بەکارهێنرا. پڕۆژەی گەورەی "ڕواندا ٩٤" (Rwanda 94) کە لە لایەن گرووپی ئۆ ڤی (Groupov)ەوە کرا، نمونەیەکە لە کۆکردنەوەی قوربانییەکان و جەلادەکان لە سەر یەک تەختە بۆ گێڕانەوەی ڕاستییەکان. بۆ کورد، بەکارهێنانی شانۆی چارەسەر بۆ "دایکانی ئەنفال" و نەوەکانیان، دەتوانێت ئەو وزە نەرێنی و خەمۆکییە کۆمەڵایەتییەی کە جێنۆساید دروستی کردووە، بگۆڕێت بۆ "وزەیەکی داهێنەرانە". کاتێک ژنێکی ڕزگاربووی ئەنفال چیرۆکی خۆی لە سەر تەختەی شانۆ پێشکەش دەکات، ئەو تەنها نایەوێت بینەر بگریەنێت، بەڵکو خەریکی پرۆسەیەکە بۆ "سەندنەوەی شکۆ" (Reclaiming Dignity)؛ ئەو دەیسەلمێنێت کە دیکتاتۆر نەیتوانیوە ڕۆحی ئەو بکوژێت. ئەم جۆرە پێرفۆرمانسە تاکەکسی و گشتییانە، کاریگەرترین جۆری "دیپلۆماسیی ویژدانی"ن کە جیهان ناچاردەکات بە ڕێزەوە سەیری کورد بکات.
ستراتیژیی کورد لە بواری شانۆدا دەبێت لە "نمایشە ناوخۆییەکان"ەوە بگۆڕێت بۆ "شانۆی باڵیۆز". کێشەی شانۆی کوردی ئەوەیە کە لە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا دەمێنێتەوە و زۆرجار بە زمانێکی ڕەمزیی قورس دەدوێت کە تەنها نوخبە لێی تێدەگات. بۆ ئەوەی شانۆ ببێتە باڵیۆزی ئەنفال، دەبێت دەقەکانمان وەربگێڕدرێن و لە فێستیڤاڵە جیهانییە گەورەکانی وەک (Avignon) لە فەرەنسا، یان (Edinburgh International Festival) لە سکۆتلەندا نمایش بکرێن. براندینی نەتەوەیی کورد لە ڕێگەی شانۆوە، واتە نیشاندانی ئەوەی کە کورد خاوەنی "کولتوورێکی شانۆیی مۆدێرن و ئاستبەرزە" کە دەتوانێت تراژیدیایەکی وەکو ئەنفال بکاتە شاکارێکی هونەریی جیهانی. شانۆ تەنها بۆ گێڕانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی داهاتووە؛ کاتێک پەردەی شانۆ لە پاریس یان نیویۆرک لادەبرێت و چیرۆکی ئەنفال دەگێڕدرێتەوە، جیهان تێدەگات کە پشتگوێخستنی کورد، چیدیکە کارێکی مەحاڵە.

بەشی شەشەم: ئایکۆنۆگرافیای کارەسات و فەلسەفەی مۆنۆمێنت؛ کاتێک بەرد و وێنە دەبنە باڵیۆزی ئەبەدی
هونەری بینراو (Visual Arts) و فۆتۆگرافی، لە چوارچێوەی دیپلۆماسی کلتوریدا، بە "هێزی بێدەنگ" پێناسە دەکرێن، چونکە توانایان هەیە ساتەوەختێکی مێژوویی بوەستێنن و بیبەنە دەرەوەی کات. ئەگەر وشە پێویستی بە وەرگێڕان بێت، ئەوا وێنە و پەیکەر ڕاستەوخۆ دەست دەخەنە سەر ویژدانی بینەر، بێ گوێدانە زمان و ڕەگەز و ئایین. بۆ نەتەوەی کورد، کە مێژووەکەی پڕە لە دیمەنی دڵتەزێن، هونەری بینراو تەنها بۆ جوانی نییە، بەڵکو بۆ "پاراستنی حەقیقەت" و ڕێگریکردنە لە شێواندنی مێژوو لەلایەن دەسەڵاتە ستەمکارەکانەوە. ئەمە ئەو کایەیەیە کە تێیدا "قیژەی بەرد" و "سێبەری ڕەنگ" دەبنە ئەو گەڕیدانەی کە هیچ وڵاتێک ناتوانێت ڤیزایان لێ قەدەغە بکات.
نمونەی هەرە بەناوبانگی جیهانی لەم بوارەدا، تابلۆی گێرنیکا (Guernica)ی پابلۆ پیکاسۆیە (١٩٣٧). پیکاسۆ ئەم تابلۆ گەورەیەی بە ڕەنگی ڕەش و سپی و خۆڵەمێشی کێشا تاوەکو تەنها "ماتەمینی رووت" نیشان بدات، تابلۆکە دیمەنی ئەو ساتەوەختەیە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی نازی شاری گێرنیکایان لە هەرێمی باسک بۆردومان کرد. کاتێک ئەفسەرێکی نازی لە پاریس سەیری تابلۆکەی کرد و بە گاڵتەجاڕییەوە لە پیکاسۆی پرسی: "ئایا تۆ ئەمەت کردووە؟"، پیکاسۆ بە فیز و شکۆی هونەرمەندێکی بەرگریکارەوە وەڵامی دایەوە: "نەخێر، ئێوە کردتان!". ئەم وەڵامە کورتە جەوهەری دیپلۆماسی کلتورییە؛ هونەر لێرەدا دەبێتە ئاوێنەیەک کە تاوانبار ناچاردەکات سەیری دزێویی خۆی و ئەوانی تر بکات. گێرنیکا تا ئێستاش سیمبوڵی جیهانییە بۆ دژایەتی جێنۆساید و کۆپییەکی لە بەردەم هۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەڵواسراوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە "هونەر تەنها بۆ جوانی نییە، بەڵکو بۆ ئەبەدیکردنی حەقیقەتە".
لە بواری فۆتۆگرافیدا، وێنەی "عومەری خاوەر" کە لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا لەلایەن ڕەمەزان ئۆزتورکەوە گیرا، کاریگەرترین پارچە هونەری-دۆکیۆمێنتاریی کوردە. ئەم وێنەیە کە تێیدا باوکێک کۆرپەکەی لە باوەش گرتووە و پێکەوە مەرگ ئامێزی گرتوون، هەموو مێژووی ستەمی بەعس لە چرکەساتێکدا کۆدەکاتەوە. بەڵام کێشە گەورەکەی ئێمە لێرەدا دەردەکەوێت: بۆچی وێنەی "کچە ڤێتنامییەکە" (Phan Thi Kim Phuc) کە بە ڕووتی لە بەرامبەر بۆمبی ناپاڵم ڕادەکات، توانی جەنگی ڤێتنام ڕابگرێت و ویژدانی نەک هەر ئەمریکا، بەڵکو جیهانیش بهەژێنێت، بەڵام وێنەی عومەری خاوەر نەیتوانی کیمیاباران و ئەنفال بوەستێنێت؟ وەڵامەکە لە "دیپلۆماسیی وێنە"دایە. وێنەکەی ڤێتنام لە ڕێگەی ئاژانسە جیهانییەکان و ستراتیژییەکی میدیایی وەهاوە بڵاوکرایەوە کە بووە "ئایکۆنێکی گەردوونی". کورد پێویستی بەوەیە وێنەکانی ئەنفال و هەڵەبجە لە ڕێگەی "دیپلۆماسی دیجیتاڵی" و پێشانگای گەڕۆکەوە بەرێتە ناو پەرلەمانی وڵاتان؛ چونکە کاتێک سیاستەمەدارێک لە تابلۆیەک یان فۆتۆیەک ورد دەبێتەوە، بڕیارە سیاسییەکانی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
مۆنیۆمێنت و یادەوەریەکان قووڵترین ڕەهەندی هونەری بینراون لەجێنۆسایدا. مۆنیۆمێنتی "پێڵاوەکانی کەناری دانووب" لە بوداپێست (٢٠٠٥)، تەنها ٦٠ جووت پێڵاوی ئاسنینی جوەکانە، بەڵام بێ وشە باس لەوە دەکات کە مرۆڤەکان لێرە بوون و ئیتر نین. ئەمە "فەلسەفەی غائیببوونە" جوڵاندنی هەست و مێشکە، دروستکردنی بیرکردنەوە لەرابردوە، جوڵاندنی سۆزە بۆ هەتاهەتا. هەروەها مۆنیۆمێنتی "بلۆکەکانی هۆلۆکۆست" لە بەرلین، کە ٢٧١١ بلۆکی کۆنکرێتیی قەبارە جیاوازن، فەزایەکی وەها دروست دەکات کە بینەر هەست بە "تەنیایی و ترسی قوربانییەکان" دەکات، بابەتەکە دروستکردنی هەستە لەلای بینەر، پیویستە هەستیپێبکەیت، نەک لێیتێبگەیت. ئەمە ئەو شوێنەیە کە کورد دەبێت تێیدا داهێنان بکات. مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال لە چەمچەماڵ و گەرمیان یان کیمیابارانی هەڵەبجە، نابێت تەنها باڵەخانەی ساردی پڕ لە وێنە بن، بەڵکو دەبێت ببنە "شاکاری هونەریی چەمکگەرای جیهانی Conceptual Art کە بینەری بیانی ناچاربکات پێیاندا بڕوات و لە ناخەوە بهەژێت.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەزموونی سەنتەری "یاد ڤەشیم" (Yad Vashem) لە ئیسرائیل، گەورەترین وانەیە بۆ کورد. یاد ڤەشیم تەنها مۆزەخانەیەک نییە بۆ گریان، بەڵکو "پێنتاگۆنی یادەوەری و ئازارە". ئەم سەنتەرە پێکهاتووە لە گەورەترین ئەرشیفی جیهانی، قوتابخانەیەکە بۆ توێژینەوەی جێنۆساید، و مۆنیۆمێنتگەلێک کە مێژووی جولەکە دەبەستنەوە بە بەها مرۆییەکانەوە. یەکێک لە زیرەکانەترین ئامرازەکانیان "شەقامی دادپەروەران"ە، کە تێیدا ڕێز لەو بیانیانە دەگرن کە لەکاتی کارەساتەکە و دوای کارەساتەکە یارمەتیی نەتەوەی جویان داون. ئەمە دیپلۆماسییەکی کلتوریی باڵایە بۆ دروستکردنی "دۆستایەتیی ئەبەدی" لەگەڵ گەلانی تر. بۆ کورد، پێویستییەکی حەتمییە کە "سەنتەری نەتەوەیی ئەنفال" بە هەمان ستاندارد دابمەزرێنێت، تاوەکو نەک تەنها مێژوو بپارێزێت، بەڵکو ببێتە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی "هێزی نەرم" و ناساندنی کورد وەک نەتەوەیەکی وەفادار و خاوەن کلتور و ژیاندۆست.

کۆتایی:
دیپلۆماسی کلتوریی، کلیلی گۆڕینی "ئازاری نەتەوەیی"ە بۆ "هێزی نێودەوڵەتی". ئەنفال تەنها برینێکی کۆن نییە، بەڵکو "شوناسێکی زیندووە". ئەگەر ئێمە نەتوانین بە زمانی هونەر و کلتور بیسەلمێنین کە ئێمە بەشێکی زیندووین لە مرۆڤایەتی، ئەوا جیهان بە ئاسانی پشتگوێمان دەخات. کلتور قەڵغانی پارێزگاری نەتەوەیە، بەتایبەتیش نەتەوەیەک کە بەچەک و سنور و کورسی نێو دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان ناتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات، ئەوا بۆ کورد، دیپلۆماسی کلتوری ئەو زمانەیە کە جیهان تێی دەگات. با لەمڕۆوە دەست پێبکەین، چونکە داهاتوو هی ئەو نەتەوانەیە کە دەزانن چۆن چیرۆکەکانی خۆیان بگێڕنەوە.

________________________________________

سەرچاوە زانستی و ئەکادیمییەکان:
1. Alizadeh, H. (1983). NeyNava: Concerto for Ney and String Orchestra (Historical and Musical Analysis).
2. Anholt, S. (2007). Competitive Identity: The New Brand Management for Nations, Cities and Regions. Palgrave Macmillan.
3. Bêkes, Š. (2004). Gگۆڕستانی چراکان (The Cemetery of Lanterns). Aras Publishers.
4. Cull, N. J. (2009). Public Diplomacy: Lessons from the Past. Figueroa Press.
5. Frank, A. (1947). The Diary of a Young Girl. Contact Publishing.
6. Lemkin, R. (1944). Axis Rule in Occupied Europe. Carnegie Endowment for International Peace.
7. Melvern, L. (2000). A People Betrayed: The Role of the West in Rwanda's Genocide. Zed Books.
8. Nye, J. S. (2004). Soft Power: The Means to Success in World Politics. PublicAffairs.
9. Shoah Foundation. (2020). Visual History Archive: Global Documentation of Holocaust and Other Genocides. USC.
10. Snow, N., & Taylor, P. M. (2009). The Routledge Handbook of Public Diplomacy. Routledge.
11. United Nations. (1948). Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide.
12. Wiesel, E. (1958). Night. Hill and Wang.