کورد لە دابەشکاریی ئیمپریالیی زۆهابەوە بۆ پارادۆکسی دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان

S�

Soran Naqishbandy - سوران نقشبندي

ماستەر لە دیپلۆماسیی گشتی و کلتوریی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

کورد لە دابەشکاریی ئیمپریالیی زۆهابەوە بۆ پارادۆکسی دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان

 شیکارییەکی ڕەخنەیی بۆ پرسی سەروەریی کوردستان و درزی نوێنەرایەتیی لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا

 


پوختە

ئەم توێژینەوەیە پشکنینێکی چڕوپڕ و فرەڕەهەندە بۆ دۆزی کورد وەک گەورەترین "نەتەوەی بێدەوڵەت" لە سیستەمی نێودەوڵەتیی هاوچەرخدا. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لەمێژووی دیپلۆماسی، یاسای نێودەوڵەتی و تیۆریی نەتەوەسازییەوە، توێژینەوەکە هەوڵی شیکردنەوەی ئەو "درزی نوێنەرایەتی"یە (Representation Gap) دەدات کە بووەتە هۆی پەکخستنی مافی چارەی خۆنووسینی کورد. گریمانەی بنەڕەتیی ئەم نوسینە لەسەر ئەو بنەمایە داڕژاوە کە پەراوێزخستنی کورد ڕێکەوتێکی سیاسی نییە، بەڵکو لۆژیکێکی چەسپاوە کە ڕەگەکەی بۆ پەیمانی زۆهاب (١٦٣٩) دەگەڕێتەوە؛ ئەو وێستگەیەی کە بۆ یەکەمجار خاکی کوردستانی کردە قوربانیی هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئیمپراتۆریەتە کلاسیکییەکاندا و بناغەی دابەشکاریی سیاسیی ناوچەکەی داڕشت.

توێژینەوەکە بە وردی بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکانی سەدەی بیستەم دەکات، لە ڕێککەوتنە نهێنییەکانی سایکس-پیکۆ (١٩١٦) وەک لوتکەی خیانەتی دیپلۆماسی، تا دەگاتە شکستی پەیمانی سێڤەر (١٩٢٠) و جێگیرکردنی لۆژیکی دەوڵەت-تەوەر لەپەیمانی لۆزان (١٩٢٣) دا، کە تێیدا ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە پێناو یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتە نوێکاندا سڕایەوە. لە بەشێکی تری توێژینەوەکەدا، شیکارییەکی ڕەخنەیی بۆ "پارادۆکسی دامەزراوەیی" نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت؛ ئەو ته‌نگژه‌یه نیشان دەدرێت کە لە نێوان زمانی نەریتیی چارتەرەکە بۆ "مافی گەلان" (ماددەی ١) و مەرجی ئەندامێتیی تەنها بۆ "دەوڵەتەکان" (ماددەی ٤) دروست بووە، کە وایکردووە کورد وەک ئەکتەرێکی ٧٠ ملیۆنی لە مێزی بڕیاردانی جیهانی ئامادەنەبێت.

بایەخێکی تایبەتی ئەم توێژینەوەیە لە پێشنیارکردنی بڕوا و دۆکتۆرینی "جیابوونەوە وەک چارەسەردایە؛ تێیدا ئەوە  دەسەلمێنرێت کە بەهۆی شکستی دەوڵەتانی ناوچەکە لە پاراستنی مافی نەتەوەیی و کلتوریی کورد و هەروەها بەردەوامیی هەڕەشەی جێنۆسایدی کورد، سەربەخۆیی نەک تەنها مافێک، بەڵکو پێویستییەکی یاساییە بۆ پاراستنی ئاشتیی جیهانی. توێژینەوەکە بە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ستراتیژی بۆ کورد لە هەلومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتایی دێت. ئەم نەخشەڕێگایە جەخت لەسەر سێ تەوەری سەرەکی دەکاتەوە: یەکەم، پێکهێنانی تیمێکی شارەزای یاسای نێودەوڵەتی  و دووەم، وەبەرهێنان لە دیپلۆماسیی کلتوری و خەڵکدا؛ و دواجار سێیەم، پەیڕەوکردنی مۆدێلی "خۆبەڕێوەبەری مەدەنی" وەک جێگرەوەیەک بۆ دەوڵەت-نەتەوەی چەوسێنەر و سەردەستەکان. ئامانجی کۆتایی ئەم توێژینەوەیە، گۆڕینی دۆزی کوردە لە پرسێکی "مرۆیی" بۆ دۆسیەیەکی "یاسایی و سیاسیی" یەکلاکەرەوە، کە تێیدا بڕیاری چارەی خۆنووسین وەک ئیرادەیەکی نەتەوەیی بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەسەپێنرێت.

کلیلە واژەکان: سەروەریی کورد، درزی نوێنەرایەتی، پەیمانە نێودەوڵەتیەکان، نەتەوەی بێدەوڵەت، نەتەوە یەکگرتووەکان، جیابوونەوە وەک چارەسەر، دیپلۆماسیی یاسایی، دیپلۆماسی کلتوری، مافی چارەی خۆنووسین.

 

١. پێشەکی:  چەمکی سەروەری و پارادۆکسی نەتەوەی بێدەوڵەت

لە فەلسەفەی سیاسی و مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، چەمکی "سەروەری" (Sovereignty) وەک بەردی بناغە و کۆڵەکەی سەرەکیی سیستەمی جیهانیی هاوچەرخ تەماشا دەکرێت، کە ڕەگەکەی بۆ ڕێککەوتننامەی "وێستفالیا" (Peace of Westphalia)  لە ساڵی ١٦٤٨ دەگەڕێتەوە. ئەم سیستەمە، کە لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاک و سەروەریی ڕەهای دەوڵەتەکان بونیاد نراوە، لە جەوهەری خۆیدا لۆژیکێکی پەراوێزخەر و نادادپەروەری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. وێستفالیا تەنها ئەو نەتەوانە وەک "ئەکتەری شەرعی" دەناسێنێت کە خاوەنی قەوارەیەکی سیاسیی فەرمین، ئەمەش وایکردووە نەتەوەی کورد وەک یەکێک لە دێرینترین و گەورەترین یەکە نەتەوەییەکانی جیهان، بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەدە ببێتە قوربانیی یەکەمی ئەم لۆژیکە سیاسییە. نائامادەیی نەتەوەیی کورد لە ناوەندە فەرمییەکانی بڕیارداندا، نەک دەرەنجامی کەماسی لە پێکهاتەی شوناسی یان کلتوریی کورد، بەڵکو بەرهەمی "داڕشتنێکی دەستکردی" سیستەمی جیهانییە کە سەروەریی کردووەتە مەرجی سەرەکی بۆ "بوونی یاسایی".

ئەم نائامادەییە لە کایەی نێودەوڵەتیدا، تەنگژەیەکی "ئۆنتۆلۆژی" (بوونناسی) بۆ کورد دروستکردووە؛ کورد وەک "گەل" لە فەرهەنگەکاندا هەیە، بەڵام وەک "خاوەن سەروەری" لە نەخشە سیاسییەکاندا بوونی نیە. ئەم پارادۆکسە لە کاتێکدایە کە بەپێی هەموو پێوەرە یاسایی و سیاسییە مۆدێرنەکان، کورد نەک تەنها خاوەنی مافێکی سروشتییە بۆ سەربەخۆیی، بەڵکو خاوەنی "شایستەیی و لێهاتوویی" تەواوە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی. ئەم شایستەییە لە توانای کورد بۆ حوکمڕانیی ئاشتییانە، پاراستنی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی، و بونیادنانی دامەزراوەی مەدەنی لە ناو جەرگەی ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدا بە ڕوونی دەرکەوتووە. لێرەدا دەردەکەوێت کە سەروەری بۆ کورد تەنها داواکارییەکی "سۆزداری" نییە، بەڵکو پێویستییەکی "یاسایی"یە بۆ ڕێکخستنی ژیانی نەتەوەیەک کە چیدی ناتوانێت لە ژێر چەتری دەوڵەتە چەوسێنەرەکاندا بەردەوام بێت.

وەک چۆن مێژوونووسی ناودار دەیڤید مەکدوەڵ (McDowall, 2021) لە شیکردنەوەکانیدا ئاماژەی پێ دەدات، مێژووی نەتەوەی کورد نموونەیەکی ناوازەی "بەرگریی ناسنامە"یە . ئەم بەرگرییە تەنها لە ململانێی چەکداریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بەرەنگاربوونەوەیەکی سیستماتیک بووە دژی هەوڵەکانی "سڕینەوەی ناسنامە" کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتە کلاسیکییەکان و دواتریش دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکە پەیڕەوکراوە. مەکدوەڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە مانەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی تواندنەوە  (Assimilation)، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە کورد "نەتەوەیەکی کامڵ"ە و تەنها پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی هەیە تا سەروەریی خۆی تێدا پراکتیزە بکات.

ئەم وێنا مێژووییە دەمانباتە سەر تێگەیشتن لەوەی کە چۆن "درزی نوێنەرایەتی" بووەتە هۆی ئەوەی کە کورد لە هاوکێشە دیپلۆماسییەکاندا تەنها وەک "کارتێکی فشار" یان "فاکتەری یارمەتیدەر" بەکاربهێنرێت، نەک وەک "هاوبەشێکی خاوەن ماف". سیستەمی جیهانی بەردەوام واینیشانداوە کە سەقامگیریی ناوچەکە لە "یەکپارچەیی خاکی" ئەو دەوڵەتانەدایە کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، لە کاتێکدا واقیعی مێژوویی پێچەوانەکەی سەلماندووە؛ ناسەقامگیریی هەمیشەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرەنجامی ڕاستەوخۆی نکۆڵیکردنە لە سەروەریی نەتەوەی کورد. بۆیە، گۆڕینی پێگەی کورد لە "نەتەوەی بێدەوڵەت"ەوە بۆ "نەتەوەی خاوەن سەروەری" نەک هەر مافێکی یاساییە، بەڵکو کلیلی سەرەکییە بۆ گۆڕینی پارادایمی جەنگ بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. ئەم وەرچەرخانە پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەو لۆژیکە کۆنەی وێستفالیایە کە مرۆڤ و نەتەوە دەکاتە قوربانیی پیرۆزیی سنوورە دەستکردەکان.

 

٢بەشی دووەم: پەیمانی زۆهاب (١٦٣٩) و چەسپاندنی لۆژیکی دابەشکاری

بۆ تێگەیشتن لەو نائامادەییە یاسایی و نێودەوڵەتییەی کە لە بەشی پێشوودا ئاماژەی پێدرا، پێویستە لە ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکانی دابەشبوونی جوگرافیای کوردستان بکۆڵینەوە. زۆربەی توێژەران و چاودێرانی سیاسی مێژووی دابەشبوونی کوردستان بۆ ساڵی ١٩١٦ و ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ دەگەڕێننەوە، بەڵام لە ڕووی شیکاریی مێژووی دیپلۆماسییەوە، پەیمانی زۆهاب، کە لە ١٧ی ئایاری ١٦٣٩ لە نێوان سوڵتان مورادی چوارەمی عوسمانی و شا سەفیی سەفەویدا واژۆکرا، بە یەکەمین و ڕاستەقینەترین وێستگەی فەرمیی دابەشکردنی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان لە قەڵەم دەدرێت. ئەم پەیمانە نەک هەر سنوورێکی فیزیکی کێشا، بەڵکو لۆژیکێکی سیاسیی چەسپاند کە تێیدا کوردستان وەک قوربانییەکی هەمیشەیی بۆ "ئاشتیی ئیمپراتۆریەتەکان" تەماشا کرا.

 

٢.١. لێکەوتە ستراتیژییەکانی زۆهاب و "لۆژیکی بەربەست"

پەیمانی زۆهاب کۆتایی بە جەنگێکی خوێناویی ١٥ ساڵە هێنا کە ناوچەکەی وێران کردبوو، بەڵام ئەم ئاشتییە لەسەر حیسابی جەستەی نەتەوەیەک بوو کە خاوەنی یەک زمان، یەک کلتور و یەک پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بوون. بەپێی توێژینەوەکانی مێهرداد ئیزەدی (Izady, 1992)، ئەم پەیماننامەیە بۆ یەکەمجار لە مێژووی دیپلۆماسیدا، کوردستانی بە شێوەیەکی فەرمی بەسەر دوو جەمسەری دژبەیەکدا دابەش کرد:

  • بەشی عوسمانی: کە زۆربەی ناوچەکانی باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانی ئێستای (تورکیا، عێراق و سوریا) دەگرتەوە.

  • بەشی سەفەوی: کە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێرانی ئێستا)ی دەگرتەوە.

گرنگیی ئەم دابەشکارییە لەوەدایە کە بۆ یەکەمجار، سنوورێکی سیاسیی دەستکرد لە نێوان دوو ئیمپراتۆریەتی گەورەدا لەسەر جوگرافیای نەتەوەیەک کێشرا کە پێشتر وەک یەکەیەکی کلتوریی یەکگرتوو دەژیا. زۆهاب لۆژیکێکی مەترسیداری دروستکرد کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە "لۆژیکی بەربەست" (Buffer Logic) دەناسرێت. تێیدا کورد وەک "قەڵغانێکی مرۆیی" و کوردستان وەک "ناوچەیەکی جیاکەرەوە" لە نێوان دوو مەزهەبی دژبەیەک (سوننەی عوسمانی و شیعەی سەفەوی) و دوو هێزی سیاسیی ڕکابەردا بەکارهێنرا. ئەمەش وایکرد کورد وەک "پاسەوانی سنوورەکان" ببینرێت، نەک وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف کە شایستەی گەشەکردن بێت بەرەو قەوارەیەکی سیاسیی یەکگرتوو.

 

٢.٢. درزی دەروونی و پەکخستنی گەشەی نەتەوەیی

ئەم دابەشکارییە تەنها لە کێشانی هێڵێک لەسەر نەخشەدا کورت نەبووەوە، بەڵکو "درزێکی قووڵی دەروونی و سیاسی" دروستکرد کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی لەسەر پارچەپارچەبوونی گوتاری سیاسیی کورد بەدی دەکرێت. لەژێر سایەی پەیمانی زۆهابدا، پەیوەندیی نێوان پارچەکانی کوردستان پچڕا و هەر پارچەیەک کەوتە ژێر کاریگەریی کلتوری، سیاسی و کارگێڕیی ناوەندێکی جیاواز. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە گەشەی "ناسیۆنالیزمی کوردی" لە سەدەکانی دواتردا بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ و دابڕاو لە یەکدی سەرهەڵبدات.

لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە ئیمپراتۆریەتەکان بە مەبەست کوردیان لە چوارچێوەی "ئۆتۆنۆمییەکی خێڵەکی"ی سنوورداردا هێشتەوە. ئەمەش ڕێگر بوو لەوەی کورد بتوانێت لە قۆناغی "خێڵ و میرنشینەکان"ەوە تێپەڕێت بەرەو قۆناغی "دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن". وەک دەیڤید مەکدوەڵ ئاماژەی پێ دەدات، لۆژیکی زۆهاب وایکرد کورد وەک "فاکتەری هاوسەنگیی هێز" بەکاربهێنرێت؛ هەر کاتێک ئیمپراتۆریەتێک ویستبێتی فشاربخاتە سەر ئەوی تر، پرسی کوردی وەک کارتێکی سیاسی بەکارهێناوە. ئەم میراتە تاڵە لە سەدەی بیستەمدا و لە سایەی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ و سیستەمی وێستفالیدا، ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی وەرگرت و بووە هۆی ئەوەی کورد لە نەتەوەیەکی دابەشکراوی نێوان دوو ئیمپراتۆریەتەوە، ببێتە نەتەوەیەکی پەراوێزخراوی نێوان چوار دەوڵەت-نەتەوەی نوێ، کە لە بەشەکانی داهاتوودا بە وردی شیکارییان بۆ دەکەین.

 

٣. سایکس-پیکۆ و دیپلۆماسیی نهێنی؛ گۆڕینی "جوگرافیا" بۆ "کۆلۆنیاڵیزم"

لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم و دەستپێکردنی قۆناغی داڕمان و پارچەپارچەبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، پرسی کورد جارێکی تر وەک فاکتەرێکی سەرەکی، بەڵام قوربانییەکی بێدەنگ، کەوتەوە ناو هاوکێشە دیپلۆماسییەکان. ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆی ١٩١٦، کە ڕێککەوتنێکی نهێنی بوو لە نێوان مارک سایکس (بەریتانیا) و فرانسوا جۆرج پیکۆ (فەرەنسا)، لەچاوی کوردەوە ئەم رێککەوتنە وەک یەکێک لە گەورەترین خیانەتە دیپلۆماسییەکان لە مێژووی هاوچەرخدا تەماشادەکرێت. ئەم ڕێککەوتنە نەک هەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دووبارە کێشایەوە، بەڵکو لۆژیکی "بەربەست"ی پەیمانی زۆهابی گۆڕی بۆ لۆژیکێکی "کۆلۆنیاڵی" کە تێیدا کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف بە تەواوی سڕایەوە.

وەک دەیڤید فرۆمکین (Fromkin, 1989) لە توێژینەوە ناودارەکەیدا بە ناوی "ئەو ئاشتیەی کە کۆتایی بەئاشتیەکانی تر هێنا" ڕوونی دەکاتەوە، ئەم ڕێککەوتنە نەخشەی ناوچەکەی تەنها لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئیمپریالی، دابەشکردنی زۆنەکانی جێنفوز و بەدەستهێنانی سەرچاوەکانی وزە (بە تایبەت نەوتی کەرکووک و مووسڵ) کێشا. لێرەدا، دیسان کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە تەواوی پشتیکردە واقیعی سۆسیۆلۆژی و نەتەوەیی ناوچەکە. سایکس-پیکۆ ئەو دابەشکارییە "دوو جەمسەری"یەی سەردەمی زۆهابی گۆڕی بۆ چوار قەوارەی سیاسیی مۆدێرن (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا)، کە لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاکی ئەو دەوڵەتانە بونیادنران.

ئەم وەرچەرخانە بووە هۆی چەسپاندنی ئەوەی کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە "لۆژیکی خاکی" دەناسرێت، کە تێیدا پیرۆزیی سنوورە دەستکردەکان دەخرێتە پێش "مافی نەتەوەیی" . کورد لەم هاوکێشەیەدا نەک هەر پارچەپارچە کرا، بەڵکو کرایە "کەمینەیەکی ناچارکراو" لە ناو چوار قەوارەی سیاسیی جیاوازدا کە هەریەکەیان پڕۆژەی ناسیۆنالیستیی تایبەت بە خۆیان هەبوو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد. لێکەوتەکانی ئەم لۆژیکە تا ئێستاش وەک برینێکی قووڵ بە جەستەی نەتەوەی کوردەوە ماونەتەوە و بوونەتە بنەمای ئەو "درزی نوێنەرایەتی"یەی کە کورد وەک نەتەوەیەکی گەورە لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بێبەشدەکات.

 

٤. لە "سیڤەر"ی بەڵێنەکانەوە بۆ "لۆزان"ی نکۆڵیکردن؛ جێنۆسایدی سیاسیی نەتەوەیەک

کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و بەستنی کۆنفرانسی ئاشتیی پاریس، وێستگەیەکی کورت بەڵام گرنگی بۆ دیپلۆماسیی کورد هێنایەکایەوە. پەیمانی سێڤەر (١٩٢٠) وەک یەکەمین بەڵگەنامەی یاسایی و نێودەوڵەتی لە مێژوودا دەناسرێت کە بە فەرمی دانی بە مافی نەتەوەی کورددا نا بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ. ماددەکانی ٦٢ بۆ ٦٤ی ئەم پەیماننامەیە، نەک هەر ئاماژەیان بە "ئۆتۆنۆمی" کرد، بەڵکو ڕێگەیان خۆش کرد بۆ ئەوەی کورد لە ماوەی ساڵێکدا داوای سەربەخۆیی تەواو بکات. لێرەدا، شەریف پاشای خەندان، وەک یەکەم نوێنەری دیپلۆماسیی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، توانی دۆزی کورد وەک پرسێکی یاسایی و لەسەر بنەماکانی "سەروەری" بخاتە ڕوو، بە پشتبەستن بە پڕەنسیپەکانی وێڵسۆن بۆ مافی چارەی خۆنووسینی گەلان.

بەڵام ئەم "بەهارە دیپلۆماسییە" کورتخایەن بوو، چونکە لۆژیکی "سیاسەتی ئەمری واقع" (Realpolitik) جارێکی تر بەسەر بەها ئەخلاقی و یاساییەکاندا زاڵبووەوە. سەرکەوتنی بزووتنەوەی کەمالیستەکان لە تورکیا و گۆڕانی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا بەرەو چەسپاندنی دەوڵەتی عێراق و دابینکردنی ئاسایشی ڕێگە نەوتییەکان، بووە هۆی واژۆکردنی پەیمانی لۆزان (١٩٢٣). لۆزان تەنها ڕێککەوتنێکی ئاشتی نەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵکو وەک "سێدارەی سیاسیی کوردستان" لە مێژوودا تۆمارکرا. لەم پەیمانەدا، نەک تەنها بەڵێنەکانی سێڤەر هەڵوەشێنرانەوە، بەڵکو ناوی کوردستان بە تەواوی لە جوگرافیای سیاسیی جیهان سڕایەوە.

وەک ڕادپەی (Radpey, 2021) لە شیکردنەوەکانیدا ئاماژەی پێ دەدات، لۆزان شەرعییەتی یاسایی بە دابەشکردنی کوردستان دا و کوردی لە نەتەوەیەکی خاوەن مافەوە گۆڕی بۆ "کەمینەیەکی ئیتنیکی" پەراوێزخراو لە ناو دەوڵەتانی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا. لە لۆزاندا، کورد وەک "تورکی شاخاوی" یان "کەمینەی بێناونیشان" پێناسە کران، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ دەسپێکردنی سەدەیەک لە جێنۆسایدی فیزیکی و کلتوری. لۆزان کوردستان و کوردی کردە "گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیهاندا"، و ئەو "درزی نوێنەرایەتی"یەی چەسپاند کە تا ئێستاش ڕێگرە لەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن سەروەری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەم وێستگەیە نیشانی دا کە چۆن یاسای نێودەوڵەتی دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ شەرعییەتدان بە ستەم، لەپیناو بەرژەوەندیی زلهێزەکان دا.

 

٥. دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پارادۆکسی "ناوی بێناونیشان"

دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە ساڵی ١٩٤٥، وەک وەڵامێک بۆ وێرانکارییەکانی جەنگی جیهانی دووەم و شکستی "کۆمەڵەی نەتەوەکان"، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە فەرهەنگی سیاسی و یاسایی جیهاندا دروست کرد. چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان، کە وەک دەستوورێکی جیهانی تەماشا دەکرێت، لە ماددەکانی ١ و ٢دا بە ڕوونی جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان نەتەوەکاندا دەکاتەوە لەسەر بنەمای "مافی چارەی خۆنووسینی گەلان". بەڵام لێرەدا، نەتەوەی کورد وەک یەکەیەک کە لە پەیمانی لۆزاندا جەستەی سیاسیی لەتکرابوو، ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی دامەزراوەیی قووڵ بووەوە کە بە "درزی نوێنەرایەتی" ناویدەبەین، ئەم درزە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بەربەستێکی فەلسەفی و یاساییشە کە ڕێگرە لەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە "تیۆری"یەوە بگۆڕێت بۆ "پراکتیکی سیاسی".

 

٥.١. پارادۆکسی ناونان: نەتەوە یەکگرتووەکان یان دەوڵەتە یەکگرتووەکان؟

یەکێک لە گەورەترین پارادۆکسەکانی سیستەمی جیهانی لە ناوی ئەم دامەزراوەیەدا خۆی حەشارداوە. پرسیاری بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر ئامانجی ئەم ڕێکخراوە "یەکخستنی نەتەوەکان" و پاراستنی "مافی گەلان"ە، بۆچی ئەندامێتی و مافی بڕیاردان تەنها بۆ "دەوڵەتەکان" قۆرخ کراوە؟ لە کاتێکدا ناوی ڕێکخراوەکە "نەتەوە یەکگرتووەکان"ە، بەڵام لە واقیعدا وەک "دەوڵەتە یەکگرتووەکان" ڕەفتار دەکات. ماددەی ٤ی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕوونی ئەندامێتی تەنها بۆ "دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکان" سنووردار دەکات.

ئەم لۆژیکە دامەزراوەییە وایکردووە کە نەتەوەی کورد، وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە جیهاندا کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ٧٠ ملیۆن مرۆڤ، هیچ کورسییەکی فەرمی و دەنگێکی یاسایی لەم ڕێکخراوەدا نەبێت. ئەمە نەک هەر نادادییەکی سیاسییە، بەڵکو نیشانەی شکستی ئەو لۆژیکە ئەخلاقییەیە کە ڕێکخراوەکەی لەسەر بونیادنراوە. چۆن دەکرێت ڕێکخراوێک بانگەشەی "نوێنەرایەتیکردنی جیهان" بکات، لە کاتێکدا گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لە پشت دەرگا داخراوەکانەوەو لەنێو چنگی تیژی دەوڵەتانی ناوچەکەدا جێدەهێڵێت؟ ئەمە ئەو شوێنەیە کە درزی نوێنەرایەتی دەبێتە "دیوارێکی کۆنکرێتی" لەبەردەم ئیرادەی نەتەوەیەک کە چوار سەدەیە قوربانیی سنوورە دەستکردەکانە.

 

٥.٢. بیرۆکراسیی شەرعییەت و لۆژیکی بازنەیی

بەپێی تیۆرەکانی مایکل بارنێت و مارتا فینیمۆر (Barnett & Finnemore, 1999)، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تەنها مێزێکی بێلایەن نین بۆ گفتوگۆ، بەڵکو ئەکتەری "بیرۆکراسیی شەرعییەت"ن. ئەوان پێوەرەکانی "کێ دەستوریە و کێ نادەستورییە" دیاری دەکەن. بۆ کورد، ئەم بیرۆکراسییەی نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتە تەڵەیەکی یاسایی یان "لۆژیکێکی بازنەیی " (Circular Logic)؛ بەو مانایەی کە بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە کورددا بنێت، دەبێت کورد ببێتە "دەوڵەت"، بەڵام بۆ ئەوەی کورد ببێتە دەوڵەت، پێویستی بە دانپێدانانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە. ئەم بازنە داخراوەش وایکردووە کە کورد لە ڕووی یاسایی و سۆسیۆلۆژییەوە "هەبێت" (وەک نەتەوەیەکی زیندوو)، بەڵام لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە لە ناوەندەکانی بڕیارداندا "نائامادە یان غائیب" بێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان، بەو شێوازە دەوڵەت-تەوەرەیەی کە پەیڕەویدەکات، شەرعییەتی یاسایی بەو دابەشکارییەی لۆزان دەدات کە لە بەشەکانی پێشوودا باسمان کرد. لێرەدا، دامەزراوەی نێودەوڵەتی لەبری ئەوەی بێتە "ڕزگارکەری گەلان"، دەبێتە "پارێزەری سەروەریی ئەو دەوڵەتانەی" کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە. ئەم نائامادەییە فەرمییە وایکردووە کە کارەساتە نەتەوەییەکانی کورد (وەک ئەنفال و کیمیاباران و کۆچە ملیۆنییەکان) هەمیشە وەک "پرسێکی مرۆیی کاتی" یان "کێشەی ناوخۆیی دەوڵەتان" مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەک وەک مافێکی نەتەوەیی ڕەوا بۆ سەروەری و سەربەخۆیی. ئەمە ئەو درزە مێژووییەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بکات، ئەگەر بیەوێت بە ڕاستی نوێنەرایەتی "نەتەوەکان" بکات.

 

٦. مافی چارەی خۆنووسین؛ لە "مافی"ی یاساییەوە بۆ "ویستی"ی نەتەوەیی

وەک لە بەشەکانی پێشوودا ڕوونکرایەوە، درزی نوێنەرایەتی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا وایکردووە کورد وەک نەتەوەیەکی غائیب لە هاوکێشە فەرمییەکاندا بمێنێتەوە. لێرەوە، پێویستە چەمکی مافی چارەی خۆنووسین لە دیدگایەکی نوێوە پێناسە بکرێتەوە. لە یاسای نێودەوڵەتیی مۆدێرندا ئەم مافە تەنها "دیارییەکی دیپلۆماسی" یان "سەدەقەیەکی سیاسی" نییە کە لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە بەسەر نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا ببەخشرێت؛ بەڵکو مافێکی سروشتی، ڕەها و بنەڕەتییەکە بە (Jus Cogens) ناودەبرێت.  بەپێی بڕیارنامەی ١٥١٤ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (١٩٦٠)، کە بە "جاڕنامەی بەخشینی سەربەخۆیی بە وڵات و گەلە کۆلۆنیکراوەکان" دەناسرێت، هەموو گەلان مافی بێ ئەملاو ئەولایان هەیە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی، ئابوری و کلتوریی خۆیان. بۆ کورد، ئەم بڕیارنامەیە تەنها دەقێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی یاساییە کە دەیسەلمێنێت "مانەوە لە ژێر دەسەڵاتی بێگانە" پێشێلکردنی دەستبەجێی مافە مرۆییە گەردونییەکانە.

 

٦.١. شایستەیی کورد بۆ دەوڵەتبوون: لە "تیۆری"یەوە بۆ "واقیع"

زۆرجار نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان باس لە "نا شایستەیی" کورد دەکەن، بەڵام بەپێی هەموو پێوەرە زانستی و یاساییەکان، کورد نەک تەنها مەرجەکانی دەوڵەتبوونی تێدایە، بەڵکو لە زۆر ڕووەوە لەو دەوڵەتانەی ئێستا ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکان، لێهاتووتر و شیاوترە. ئەم شایستەییە لە سێ ڕەهەندی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە:

١- ناسنامەی نەتەوەیی جیاواز: کورد خاوەنی هەموو توخمە سۆسیۆلۆژی و ئەنثرۆپۆلۆژییەکانی نەتەوەیە (زمان، مێژوو، کلتور و فۆلکلۆر). ئەم ناسنامەیە نەک هەر جیاوازە لە گەلانی دەوروبەر، بەڵکو سەرەڕای سەدەیەک لە "جێنۆسایدی کلتوری" و هەوڵی "تەعریب و تەتریک و تەفریس"، وەک شوناسێکی زیندوو و یەکگرتوو ماوەتەوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کورد "نەتەوەیەکی واقیعی"یە (Sociological Nation) کە تەنها پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە تا ببێتە "نەتەوەیەکی یاسایی" (Juridical Nation).

٢- جوگرافیای مێژوویی و یەکپارچەیی خاک: کوردستان خاوەنی جوگرافیایەکی ناسراوە کە ڕەگەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە. ئەم خاکە خاوەنی سنووری سروشتی و مێژووییە کە زۆر قووڵترە لەو "سنوورە دەستکردانە"ی لە سایکس-پیکۆ و لۆزاندا کێشران. کورد لەسەر خاکی باوباپیرانی خۆی دەژی و ئەمەش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، شەرعییەتی "خاوەندارێتی خاک" بە نەتەوەکە دەبەخشێت.

٣- توانای حوکمڕانی و "دی فاکتۆ"ی دەوڵەتی: ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە دوای ١٩٩١ و ڕۆژئاوای کوردستان لە دوای ٢٠١٢، گەورەترین تاقیگە بوو بۆ سەلماندنی لێهاتوویی کورد. کورد توانیویەتی لە ناو گەمارۆ، جەنگی تیرۆر (داعش) و ئابڵۆقەی سیاسیی وڵاتانی دراوسێدا، دامەزراوەی کارگێڕی، سەربازی، پەروەردەیی و دارایی دروستبکات. ئەگەرچی ئەم قەوارانە ڕووبەڕووی لەمپەری یاسایی زۆر بوونەتەوە، بەڵام توانیویانە ئاسایشی ناوخۆیی و پێکەوەژیانی ئایینی بپارێزن بە جۆرێک کە دەوڵەتە ناوەندییەکانی وەک عێراق و سوریا تێیدا شکستیان هێناوە. کورد بێ ئەوەی "دەوڵەت" بێت، وەک "ئەکتەرێکی دەوڵەتی" (State-like actor) مامەڵەی کردووە و ئەمەش گەورەترین بەڵگەی شایستەیی یاساییە.

 

٦.٢. سەروەری وەک ئیرادە: دیدگای جەیمس کراوفۆرد

بۆ تێپەڕاندنی ئەو "درزی نوێنەرایەتی"یەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کوردی دروستکردووە، کورد پێویستی بە لێکدانەوەیەکی قووڵتر هەیە بۆ چەمکی دروستبوونی دەوڵەت. وەک جەیمس کراوفۆرد (James Crawford, 2006) لە کتێبە کلاسیکەکەیدا"دروستبونی دەوڵەتەکان لەیاسای نێودەوڵەتیدا" ئاماژەی پێ دەدات، سەروەری و دەوڵەتبوون تەنها "دیاردەیەکی یاسایی" نین کە لە ئاسمانەوە ببارێن، بەڵکو دەرەنجامی "ئیرادەیەکی نەتەوەیی کارا" و سەپاندنی دەسەڵاتێکی کاریگەرن لەسەر زەوی.

کراوفۆرد جەخت دەکاتەوە کە "دانپێدانانی نێودەوڵەتی" گەرچی گرنگە، بەڵام مەرجی سەرەکی دروستکەری دەوڵەت نییە؛ بەڵکو دەوڵەت کاتێک دروستدەبێت کە گەلێک ئیرادەی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی خۆی بسەلمێنێت و دامەزراوەی وەها دروستبکات کە بتوانێت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی ڕێکبخات. لێرەوە، کورد دەبێت لەو تێگەیشتنە کلاسیکییە ڕزگاری بێت کە چاوەڕێی ڕەزامەندیی هەریەکە لە " تاران، ئەنقەرە، دیمەشق و بەغداد" بکات. مافی چارەی خۆنووسین بڕیارێکی "نێوخۆیی و سەروەرییە" پێش ئەوەی ریکارێکی نێودەوڵەتی بێت. کاتێک نەتەوەیەک بڕیاردەدات کە چیدی بەشێک نییە لەو قەوارە سیاسییەی دەیچەوسێنێتەوە، و توانای پاراستنی ئەم بڕیارەی هەیە، ئەوا لە ڕووی "فەلسەفەی یاساوە" دەوڵەت لەدایک بووە، و دانپێدانانی نێودەوڵەتی تەنها مەسەلەی کات و بەرژەوەندی دەبێت. بۆیە، کلیلەکە لە دەستی کورد خۆیەتی؛ سەربەخۆیی بڕیارێکە دەبێت "بدرێت" و بە دامەزراوەی نەتەوەیی یەکگرتوو "بپارێزرێت"، نەک وەک خێر لە وڵاتانی تر "وەربگیرێت".

 

٧. پارادایمی نوێ؛ ستراتیژی گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین

لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە بنەماکانی سیستەمی جیهانی و جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، نەتەوەی کورد چیتر ناتوانێت بە ئامرازە کلاسیکییەکانی سەدەی بیستەم مامەڵە لەگەڵ پرسی سەروەریدا بکات. ئەو "درزی نوێنەرایەتی"یەی کە لە سایەی پەیمانی لۆزان و چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەسپێنراوە، پێویستی بە گۆڕینی پارادایمی سیاسی هەیە. بۆ گۆڕینی کورد لە نەتەوەیەکی "بێدەوڵەت"ەوە بۆ "ئەکتەرێکی سەروەر"، ئەم ڕێکارە ستراتیژییانەی خوارەوە وەک پێویستیی دەوڵەتداری پێشنیار دەکرێن:

 

٧.١. یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی و کۆدەنگیی ستراتیژی

گەورەترین لەمپەری بەردەم دیپلۆماسیی کورد لە پەیمانی زۆهابەوە (١٦٣٩) تا ئەمڕۆ، پەرتەوازەیی ناوخۆیی و نەبوونی ناوەندێکی بڕیاردانی یەکگرتوو بووە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە شەرعییەتی نەتەوەیەکدا بنێت، پێویستە ئەو نەتەوەیە بە "یەک دەنگ" پەیامەکانی بەگەیەنێت. لێرەدا، کورد پێویستی بە مۆدێلێکی "کۆنفیدرالی نەتەوەیی" هەیە کە تێیدا هەموو پارچەکان، سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکانیان، لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان ڕێکبکەون. ئەم کۆدەنگییە دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی کورد لە کۆڕ و کۆبونەوە نێودەوڵەتییەکاندا وەک یەکەیەکی یەکگرتوو دەربکەوێت، نەک وەک گروپێکی پەرتەوازە کە زلهێزەکان بتوانن یارییان پێ بکەن.

٧.٢. وەبەرهێنان لە "هێزی نەرم" و براندینگی نەتەوەیی

لە سەدەی ٢١دا، هاوکێشەی هێز لە "لوولەی تفەنگ"ەوە بۆ "کایەی دیپلۆماسیی گشتی و دیجیتاڵی" گۆڕاوە. هێزی نەرم (Soft Power) دەتوانێت ئەو دەرگایانە بکاتەوە کە جەنگ ناتوانێت. کورد دەبێت "ناسنامەی نەتەوەیی" خۆی بکاتە براندێکی جیهانیی هاوسۆز لەگەڵ بەها مرۆییەکان. بەکارهێنانی دروشمی گەردونیی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک بەرهەمێکی فیکری و کلتوریی کورد، هێندەی سوپایەک کاریگەریی دەبێت. ئەم براندینە نەتەوەییە، فشار لەسەر ڕای گشتیی جیهان و حکومەتە ڕۆژئاواییەکان دروست دەکات تا چیدی نەتوانن لەبەر بەرژەوەندیی ئابوری، چاو لە ئاست پێشێلکردنی مافەکانی کورد بپۆشن.

٧.٣. مۆدێلی "خۆبەڕێوەبەری مەدەنی" و ژیانەوەی دەوڵەت-شاری

بەوپێیەی کوردستان دەکەوێتە دڵی مێزۆپۆتامیاوە، کە مێژوویەکی دێرینی لە داهێنانی کلتوری و کۆمەڵایەتیدا هەیە، کورد دەبێت سوود لە "دیپلۆماسیی کلتوری و دیپلۆماسی خەڵک" وەربگرێت. لێرەدا، مۆدێلەکانی خۆبەڕێوەبەری،  کە لە بیرۆکەی دێرینی دەوڵەت-شاری (Polis) یۆنانییەوە سەرچاوە دەگرن، دەبنە کلیلی سەرکەوتنی نەتەوەی پەرتەوازەی کورد لەناوچەکەدا. پەرەپێدانی "سیستەمی ئەنجومەنە مەدەنییەکان" وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە، کورد لە ستریۆتایپی (Stereotype) "جەنگاوەری توندڕەو" دەگۆڕێت بۆ "مۆدێلێکی پێشکەوتووی حوکمڕانی". ئەمە پێی دەوترێت "ڕێگەی سێیەم"؛ کە تێیدا بونیادنانی دەوڵەت لە "خوارەوە بۆ سەرەوە" (Bottom-up State building) دەست پێ دەکات. ئەم مۆدێلە شەرعییەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ کورد دروست دەکات و دەیسەلمێنێت کە کورد توانای بەڕێوەبردنی خۆی هەیە بەبێ ئەوەی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی ناوچەکە.

٧.٤. دیپلۆماسیی یاسایی و بڕوای "جیابوونەوە وەک چارەسە"

لە جیهانی ئەمڕۆدا، تەنها "هێزی سەربازی" بەس نییە بۆ چەسپاندنی سەروەری؛ بەڵکو دیپلۆماسیی یاسایی (Legal Diplomacy)  وەک زمانێکی گەردونی دەبێتە کلیلی کردنەوەی دەرگا داخراوەکان. بۆ کورد،: گۆڕینی "هاواری مەزڵومییەت" بۆ "دۆسیەیەکی یاسایی تۆکمە" وەرچەرخانێکی ستراتیژیی دەبێت. ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی "تیمێکی باڵای یاسای نێودەوڵەتی" هەیە تا لە ناوەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کار لەسەر ئەم خاڵانە بکەن:

  • چەمکی جیابوونەوە وەک چارەسەر  (Remedial Secession):  ئەرکی ئەم تیمە چەسپاندنی ئەو ڕاستییە یاساییەیە کە کورد، بەهۆی ستەمی سیستماتیک و جێنۆسایدی بەردەوام لە ناو دەوڵەتانی سەردەستەی ئێستادا، مافێکی ڕەهای پەیدا کردووە بۆ جیابوونەوەی یەک لایەن. وەک چۆن لە کەیسەکانی کۆسۆڤۆ و باشووری سوداندا بینرا، سەربەخۆیی تەنها بژاردەیە بۆ ڕێگری لە لەناوچوونی فیزیکی و کلتوریی نەتەوەیەک.

  • سەلماندنی شکستی پێکەوەژیان: دەبێت بە بەڵگە و یاسا بیسەلمێنین کە کورد بۆ ماوەی سەدەیەک هەموو مۆدێلەکانی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیزمی تاقیکردەوە، بەڵام دەوڵەتە ناوەندییەکان بە جەنگ و سڕینەوەی کلتوری وەڵامیان داوەتەوە. کاتێک دەوڵەتێکی سەردەستە  بەبیانوی پاراستنی "یەکپارچەیی خاک"ەکەی دەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییەکانی لەنەتەوەکانی دیکە، چیدیکە شەرعیەتی بانگەشەی پێکەوەژیانی نەتەوەکانی نامێنێت و ئەمە تەنها وەک بانگەشەیەک بۆ درێژەدان بەسەردەستەیی دەمێنێتەوە.

  • بەرپرسیارێتی پاراستن : دیپلۆماسیی یاسایی کورد دەبێت لەسەر بنەمای پڕەنسیپی "بەرپرسیارێتی پاراستن" بونیاد بنرێت. سەربەخۆیی نەک تەنها ویستێکی سیاسی، بەڵکو ڕێکارێکی پێشوەختەیە بۆدوبارەنەبونەوەی جێنۆسایدێکی تری هاوشێوەی کۆمەڵکوژیەکانی پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.

  • میکانیزمی جێبەجێکردن لە نەتەوە یەکگرتوەکان و دادگای نێودەوڵەتی: پێویستە کورد لە ڕێگەی دەوڵەتە دۆستەکانیەوە بەتایبەت لەنێو یەکیەتی ئەوروپا، داوای "ڕایەکی ڕاوێژکاری "لە دادگای نێودەوڵەتی بکات سەبارەت بە ڕەوایی بەخشین بە خواستی سەربەخۆیی کوردستان. هاوکات لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لۆبی بکات تا پرسی کورد لە "کێشەی ناوخۆیی دەوڵەتان"ەوە بگۆڕێت بۆ "بەرژەوەندیی ئاسایشی نێودەوڵەتی".

بە کورتی، سەنگەری یاسایی و کلتوری لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ کورد کەمتر نییە لە سەنگەری بەرگری لە چیاکان. ئەم دیپلۆماسییە نوێیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیهان چیتر وەک "کەمینەو پاشکۆ" تەماشای کورد نەکات، بەڵکو وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف و شایستە بۆ سەروەریی تەواو مامەڵەی لەگەڵ بکات. ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بنبەستە مێژووییەی کە لە ساڵی ١٦٣٩ و ١٩٢٣دا بۆ کورد دروست کرا.

 

٨. ئەنجام؛ نەتەوەی کورد وەک ویژدانی بێداری سیستەمی جیهانی

بە شێوەیەکی گشتی، دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوەمان بۆ ڕووندەکەنەوە کە "پرسی کورد" تەنها کێشەیەکی جوگرافی یان ململانێ لەسەر خاک نییە، بەڵکو گەورەترین تاقیکردنەوەی مۆراڵی و یاسایییە بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی لە سەدەی بیستویەکەدا. لە پەیمانی زۆهاب و سایکس-پیکۆوە تا دەگاتە چەسپاندنی لۆژیکی لۆزان و دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام هەوڵیداوە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە "غیابی کورد" بنووسێتەوە. بەڵام دیفاکتۆی سیاسی سەلماندوویەتی کە هەموو ئەو هەوڵانە بۆ سڕینەوە یان پشتگوێخستنی ئەم نەتەوە حەفتا ملیۆنیە شکستیانهێناوە؛ چونکە کورد هەموو جارێک وەک فاکتەرێکی دانەبڕاوی سەقامگیری و بەرگری، لە ناو خۆڵەمێشی جەنگەکاندا سەریهەڵداتەوە.

 

دەرەنجامە ستراتیژییەکانی ئەم توێژینەوەیە لەم خاڵە سەرەکییانەدا چڕ دەبنەوە:

١- میراتی دابەشکاری و بەردەوامیی شوناس: پەیمانی زۆهاب (١٦٣٩) بناغەی دابەشکردنی فیزیکیی کوردستانی داڕشت، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار سەدە، نەیتوانی "ڕۆحی نەتەوەیی" و یەکپارچەیی کلتوریی کورد لەناوببات. ئەم مێژووە پێوسیتە ببێتە وانەیەکی ستراتیژی بۆ ئێستای کورد؛ کە تێیدا "یەکگرتوویی گوتار" تاکە وەڵامە بۆ ئەو دابەشکارییە مێژووییەی کە زلهێزەکان بەسەر ناوچەکەیاندا سەپاندوویانە.

٢- شکستی پارادایمی دەوڵەت-نەتەوە: مۆدێلی "دەوڵەت-نەتەوەی چەوسێنەر" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لە سەر بنەمای "یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا" بونیاد نرابوو، گەیشتووەتە بنبەست و شکستیهێناوە. لە بەرامبەردا، کورد وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندی پێکەوەژیانە، مۆدێلێکی "فرە کلتور و دیموکراتیک" پێشکەشدەکات. ئەم لێهاتووییە لە بەڕێوەبردنی پێکەوەژیان لەنێوان نەتەوە و ئاینە جیاوازەکاندا، گەورەترین شەرعییەتی سیاسی و ئەخلاقی دەبەخشێتە کورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، چونکە کوردستانێکی سەربەخۆ و سەروەر دەبێتە نموونەیەک بۆ مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی ئاشیتانە لە ناوچەکەدا.

٣- مافی چارەی خۆنووسین وەک ئیرادەیەکی سەپێنراو: کورد نابێت چیتر وەک "داواکارێکی بێدەسەڵات" چاوەڕێی نەتەوە یەکگرتووەکان یان دەوڵەتانی داگیرکەر بکات، تا مافی سەربەخۆیی پێ ببەخشن. بەپێی هەموو پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتی و چارتەری  نەتەوە یەکگرتوەکان، کورد ١٠٠٪ شایستەی سەروەرییە. ئەم مافە دەبێت لە ڕێگەی "دیپلۆماسیی گەل" و "دیپلۆماسیی یاسایی"  و بونیادنانی دامەزراوەی نەتەوەیی یەکگرتوو" ەوە و لەسەر ئەرزی واقیع بسەپێنرێت. سەروەری لای کورد دەبێت لە "شایستەیی تیۆری"یەوە بگۆڕدرێت بۆ "ویست و ئیرادەیەکی پراکتیکی".

٤- کوردستان وەک ناوەندی سەقامگیریی جیهانی: پەیامی کۆتایی ئەم توێژینەوەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوونە؛ بەبێ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی پرسی کورد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز ڕووی ئاشتی و سەقامگیری نابینێت. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی کورد نەتەوەیەکی شەڕفرۆش و شەرەنگێز بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی کورد نەتەوەیەکە کە چۆک دانادات و کۆڵنادات و بەردەوامە لە پارێزگاریکردن لە بوونی خۆی. کوردستانێکی سەربەخۆ نابێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی ناوچەکە، بەڵکو دەبێتە "قەڵای ئاشتی و دیموکراسی" و بەربەستێکی سروشتی لەبەردەم توندڕەوی و تیرۆر.

لە کۆتاییدا، ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی تر، کاتی ئەوە هاتووە نەتەوەی کورد لە مێزی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا نەک وەک "میوان"، بەڵکو وەک "ئەکتەرێکی سەرەکی" بونی هەبێت. ئەو "درزی نوێنەرایەتی"یەی کە سیستەمی وێستفالی و لۆژیکی لۆزان دروستیانکردووە، دەبێت بە ئیرادەی ٧٠ ملیۆن مرۆڤ پڕ بکرێتەوە. کورد "نەتەوەیەکی بێدەوڵەت" نییە، بەڵکو دەوڵەتێکی واقیعییە کە تەنها واژۆیەکی نێودەوڵەتیی ماوە؛ ئەو واژۆیەش بە سۆز و نزا بەدەست نایەت، بەڵکو دەبێت کورد بە "دیپلۆماسیی ژیرانە"، "کلتوری داهێنەرانە" و "بەرخۆدانی بێوچان" لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهانی بنەخشێنێت.

ئەم توێژینەوەیە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو وەک سەرەتایەک بۆ گوتارێکی نوێی دیپلۆماسی کاردەکات؛ گوتارێک کە تێیدا کورد چیتر ڕێگە نادات کەس مێژووەکەی بۆ بنوسێتەوە، بەڵکو پیویستە خۆی ببێتە نوسەری داهاتوویەکی خاوەن سەروەری لە دڵی مێزۆپۆتامیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ORCID ID: 0009-0004-1271-0445

 لیستی بەڵگەنامە و سەرچاوەکان:

 یەکەم: سەرچاوە ئەکادیمییەکان:

  • Barnett, M. N., & Finnemore, M. (1999). The Politics, Power, and Pathologies of International Organizations. International Organization, 53(4), 699–732. (بۆ شیکردنەوەی بیرۆکراسیی شەرعییەت لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا).

  • Crawford, J. (2006). The Creation of States in International Law (2nd ed.). Oxford University Press. (بۆ چەسپاندنی بنەما یاساییەکانی دروستبوونی دەوڵەت و ئیرادەی نەتەوەیی).

  • Fromkin, D. (1989). A Peace to End All Peace: The Fall of the Ottoman Empire and the Creation of the Modern Middle East. Henry Holt and Co. (بۆ شیکردنەوەی لێکەوتەکانی سایکس-پیکۆ و داڕشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست).

  • Gui Bernau, M. (2013). Nations without States: Political Communities in a Global Age. Polity. (بۆ چەمکی نەتەوەی بێدەوڵەت و شوناسی نەتەوەیی).

  • Izady, M. R. (1992). The Kurds: A Concise Handbook. Taylor & Francis. (بۆ وردەکاریی مێژوویی و جوگرافیی پەیمانی زۆهاب و دابەشکاریی کوردستان).

  • Keating, M. (2001). Nations against the State: The New Politics of Nationalism in Quebec, Catalonia and Scotland. Palgrave Macmillan. (بۆ بەراوردکاریی نەتەوە بێدەوڵەتەکان و چەمکی سەروەری).

  • McDowall, D. (2021). A Modern History of the Kurds (4th ed.). I.B. Tauris. (بۆ مێژووی هاوچەرخی کورد و بەرگریی ناسنامەی نەتەوەیی).

  • Radpey, L. (2021). Kurdistan on the Sèvres centenary: How a distinct people became the world’s largest stateless nation. Nationalities Papers, 49(6), 1115–1131. (بۆ شیکردنەوەی یاسایی پەیمانی سێڤەر و لۆزان و درزی نوێنەرایەتی).

 دووەم: بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان و دەستوورەکان (International Documents & Constitutions)

  • Iraq (2005). Constitution of the Republic of Iraq. (بۆ ئاماژەدان بە ناسنامەی یاسایی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی).

  • United Nations (1945). Charter of the United Nations. (بۆ ماددەکانی ١، ٢ و ٤ سەبارەت بە مافی گەلان و مەرجەکانی ئەندامێتی).

  • United Nations General Assembly (1960). Resolution 1514 (XV): Declaration on the Granting of Independence to Colonial Countries and Peoples. (بۆ چەسپاندنی مافی چارەی خۆنووسین وەک پڕەنسیپێکی یاسایی نێودەوڵەتی).

  • United Nations (2007). United Nations Declaration on the Rights of Indigenous Peoples. (بۆ پاڵپشتیی مافە کلتوری و سیاسییەکانی نەتەوە بێدەوڵەتەکان).

 سێیەم: ڕێککەوتننامە مێژووییەکان

  • Treaty of Sèvres (1920). Articles 62-64. (بۆ شیکردنەوەی بەڵێنە دیپلۆماسییەکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان).

  • Treaty of Lausanne (1923). (بۆ شیکردنەوەی سڕینەوەی ناوی کوردستان و چەسپاندنی سنوورە دەستکردەکان).

  • Treaty of Zuhab / Qasr-e Shirin (1639). (بۆ وەک یەکەمین وێستگەی دابەشکردنی جوگرافیای کوردستان لە نێوان عوسمانی و سەفەویدا).